Hemn Husain
08 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2016
هەولێر
دوای ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا جۆن کیری گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی بەسوودم هەبووە و چەندین کۆبوونەوەی بەرهەمدارمان هەبووە، لە هەمانکاتدا دەمەوێ سوپاسی سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی و وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمان بکەم و هەروەها سوپاسی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بکەم بۆ ئەو کاتەی بۆ منیان تەرخان کردبوو سەبارەت بە کارە هاوبەشەکانمان و لە هەمانکاتدا سوپاسی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکەم".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەوڵەکانی سوپای عێراقی بەرزنرخاند لە رووبەڕووبوونەوەی شەڕی دژ بە داعش و گوتی: "دەمەوێ هەوڵەکانی سوپای عێراق و خەڵکی عێراق بەرز بنرخێنم لە رووبەڕووبوونەوەکانیان لەگەڵ داعش و دواجاریش کە هاتمە بەغدا، ئەو کاتەبوو کە عەبادی ببووە سەرۆکوەزیران و داعش نزیک ببووەوە لە بەغدا و لە هەمان کاتدا چەندین ناوچەی دیکەی وەک ئەنبار و هەندێک شوێنی دیکە داگیرکردبوو بۆیە عێراق داوای لە ئەمریکا کرد لە رێگای هێزی ئاسمانییەوە هاوکاری حکوومەتی عێراق بکات و پارێزگاری لە بەغدا بکات و من ئەوکات لە بەغدا بووم و پێم گوتن کە ئێمە داعش دەگەڕێنینەوە دواوە".
جۆن کیری ئاماژەی بە هێز و تواناکانی داعش کرد و لە درێژەی کۆنگرەکەدا گوتی: "ئێستا دەبینین داعش لەم ماوەیە زۆر لاواز بووە و لەگەڵ ئەوەشدا مەشق و راهێنانەکانی سوپای عێراق رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە لاوازکردنی داعش و لەگەڵ ئەوەشدا ئیستا پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ هەندێک ناوچەی دەستی پێکردووە و لەهەمانکاتدا لە مانگی 11 داعش لە شنگال دەرکرا و لە مانگی 12 لە شاری روومادی دەرکرا و ئەم مانگەش دەبینین لە چەندین شوێنی دیکە داعش لاوازبووە".
جۆن کیری گوتیشی: "دەبینین داعش هەزاران چەکداری خۆی لەدەستداوە و هێزەکانی هاوپەیمانان دەتوانن پاشەکشە بە داعش بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی زیتر لە 1200 کێڵگەی نەوتی داعشمان کردووەتە ئامانج و توانیوومانە دەستکەوتە داراییەکانی داعش ببڕین و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە داعش هیوای لەدەست داوە، ئێمە زۆر بە جددی لە هەڕەشەکانی داعش دەڕوانین و خەڵکی عێراق لە ماوەی رابردوودا دووچاری کارەساتی گەورەبوونەتەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە داعش لە هیچ جێگایەک پێگەی نییە و بە هەموو شێوەیەک روو لە لاوازبوونە و مەترسییەکانیشی کەم بووەتەوە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دەبینین داعش هیچ پێگەیەکی نییە لە جیهانی نوێدا، نە لە ئیستانبۆڵ و نە لە بەغدا و نە لە پاریس، ئێمەش وەکو هاوپەیمانان داوا دەکەین هەموومان بە یەکگرتوویی بمێنینەوە و زانیاری هاوبەش بەیەکەوە بکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەموو هەوڵەکانی خۆمان بەرەو پێش ببەین و لە چەند مانگی داهاتوودا ئێمە فشاری زیاتر دەخەینە سەر داعش بۆ لەناو بردنییان و لە هەمان کاتدا ئێمە جارێکی دیکە لەگەڵ عەبادی تاوتوێی ئەوەمان کرد کە بە زووترین کات مووسڵ کۆنترۆڵ بکەینەوە و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە بتوانین هاوکاری هێزە خۆجێیەکان بکەین بۆ ئەوەی بتوانن ئەم هێزانە بەشداربن لە رزگارکردنی مووسڵ و ئەمەش دەبێتە ئۆپەراسیۆنێکی عێراقی بە هاوکاری و پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانان".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە هاوکاری دارایی ئەمریکا کرد بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و گوتی: "ئێمە 150 ملیۆن دۆلاری دیکە پێشکەش بە عێراق دەکەین بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکاری ئەو خەڵکە بکات بە تایبەتی ئەوانەی لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگاریان بووە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خەڵکەی پێشتر بەم هۆیەوە ئاوارە بوونە".
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا جۆن کیری گوتی: "من دوێنێش لە کۆبوونەوەکەم لەگەڵ لوتکەی ئەنجوومەنی هاوکاری وڵاتانی کەنداو ئاماژەم بەوە کردووە کە بەردەوام دەبین لە هاوکارییەکان بۆ خەڵکی عێراق و هەتا سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداویش بەردەوام دەبن لە هاوکارییەکانیان بۆ عێراق و سەرکردەکانی G20 پشتیوانی عێراق دەکەن و هاوکارییەکانیان بۆ عێراق دووپات دەکەنەوە".
جۆن کیری ئاماژەی بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "چەند خولەکێک پێش ئێستا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئاماژەمان بە دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی کرد کە هەرێمی کوردستانیش دووچاری ئەو قەیرانە و ناخۆشییانە بووەتەوە و بۆیە دەبێت ئێمە هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستان بکەین و بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری قەیرانی دارایی بکەین".
لە کۆتایی قسەکانیدا جۆن کیری ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆکی ئەمریکا ئۆباما کرد بۆ پشتیوانی لە عێراق و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گوتی: "دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە سەرۆک ئۆباما و جێگرەکەی پشتیوانی خۆیان بۆ عێراق دووپات دەکەنەوە و پشتیوانییان بۆ هاوکاری پرۆسەی سیاسیی عێراق دووپات دەکەنەوە و کار لەسەر قەیرانەکان دەکەن بۆ ئەوەی هیوایەک ببخەشن بە عێراق و لە هەمانکاتدا ئەمریکا ئامادەیە بۆ هاوکاری عێراق".