Abdullah Shukur
28 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2018
واشنتۆن - AA
فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری F-35B ی سەر بە ھێزەکانی ئاسمانی ئەمریکا، لەکاتی مەشق و راھێنان کەوتە خوارەوە.
بەپێی ئەو ھەواڵانەی کە لە راگەیاندنەکانی ئەمریکا بە پشتبەستن بە بەرپرسانی سەربازیی بڵاوکراوەتەوە، ئەو فڕۆکەیە لە بنکەی ئاسمانی Beaufort لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور ھەڵساوە و دواتریش لە دووری ھەشت کیلۆمەتر لە بنکەکە، پەیوەندی بەو فڕۆکەیەوە بچڕاوە.
راشگەیەنرا کە فڕۆکەوانەکە توانیویەتی بە رێگەی کورسی خۆھاویشتن، لە فڕۆکەکە خۆی ھەڵداتە خوارەوە و ھیچ زانیارییەکیش لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەو فڕۆکەوانە ئاشکرا نەکراوە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، ئاگر لە مەکینەی فڕۆکەیەکی دیکەی ھەمان جۆر لە ھەمان بنکەی سەربازیی سەریھەڵدا و فڕۆکەوانەکە لە کۆتا سات توانی خۆی رزگار بکات.
فڕۆکەی جەنگی جۆری F-35B ی سەر بە سوپای ئەمریکا ئەم ھەفتەیە بۆ یەکەمین جار لە دژی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەکارھێنرابوو.