Zana Natık Kerem
31 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2018
واشنتۆن ــ AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن رایگەیاند كە قەیرانی دیپلۆماتی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتانی كەنداو لە رووی ئابووری و سەربازییەوە كاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دروستكردووە.
ئەم لێدوانەی رێكس تیلەرسن لە میانی گوتەیەكدا هات كە لە كۆتایی كارەكانی گفتوگۆی ستراتیجیی قەتەر ـ ئەمریكا كە بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگری ئەمریكا، ، جێمس ماتیس و وەزیری بەرگری قەتەر، خالید بن عەتیە و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی لە واشنتۆن بەڕێوەچوو.
رێكس تیلەرسن گوتی: "بێ گومان گرژییەكانی نێوان قەتەر و وڵاتانی دیكەی كەنداو لە رووی ئابووری و سەربازییەوە، كاریگەری لەسەر خودی ئەو وڵاتانە و ویلایەتە یەكگرتووەكان دروستكردووە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بانگەوازی ئاراستەی وڵاتە پەیوەستدارەكان بە قەیرانی كەنداو كرد كە كۆتایی بە گرژییەكان بهێنن و گوتی: "داوایان لێ دەكەین لە گوتار و لێدوانی نەرێنی، هەروەها لەو هەڵسوكەوتانە خۆیان بە دروو بگرن كە دەبنە مایەی ئاڵوزتركردنی گرژییەكان".
لای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئەمریكا، جێمس ماتیس جەختی لەسەر گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەی كەنداو كردەوە و گوتی: "لە شوێنێكی وەك ئەم ناوچە گرنگە، یەك بیر و یەك هەڵوێستی تیایدا هەبێت".
جێمس ماتیس گوتیشی: "هیچ گومانی تیایدا نییە كە هاوكاریی نێوان كەنداو بە شێوەیەكی یەكگرتوو، دەبێتە مایەی پتەوتركردنی هێزمان لە چەند خاڵێكدا بە تایەتیش لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و شكستهێنان بە داعش كە ئەوەش كارێكی گرنگە، هەروەها ئێران بەردەوامە لە كارە نەگریسەكانی لە ناوچەكە".
لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی گوتی: "قەتەر و گەلەكەی بە شێوەیەكی نادادپەروەرانە و نایاسایی بەدەست قەیرانەكەوە دەناڵێنن و بێ گومان ئەو قەیرانەش، دەرفەتەكانی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەكە لەناو بردووە".
لای خۆشیەوە وەزیری بەرگری قەتەر باسی لە هاوكاری سەربازی نێوان قەتەر و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد و گوتی: "لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەو پەیوەندییە پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆوە دەبینێت".
خالید عەتییە گوتیشی: "ئەو فڕۆكانەی جۆری (ئێف ١٥) كە بەم دواییانە قەتەر لە ئەمریكای كڕیوە، تەنها هەنگاوێكە بەرەو ئەو هاوكارییەی كە ئێمە دەمانەوێت بەدی بهێنن".
لە ١٤ی مانگی حوزەیرانی رابردوو، قەتەر گرێبەستێكی بۆ كڕینی فڕۆكەی جۆڕی (ئێف ١٥) بە بەهای ١٢ ملیار دۆلار لەگەڵ ئەمریكادا واژوو كردبوو.
دوێنێ سێشەممە كەناڵی ئەلجەزیرە بڵاوی كردبوویەوە كە ئەمریكا و قەتەر لەسەر كاری هاوبەش بە ئامانجی پاراستنی دۆحە لە هەڕەشەكانی دەرەوە، رێككەوتوون.
لە پێنجی حوەزیرانی رابردوودا، قەیرانی كەنداو سەری هەڵدا كاتێك هەریەك لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند و گەمارۆیان خستەسەر.