08 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2020
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد لە سەردەمێکدا وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژئاوا کەوتونەتە ناو شەڕی بەکارهێنانی دەمامک، بەداخەوە گەلانی ئەفریقا لە بەرامبەر پەتای کۆرۆنادا دراونەتە دەست قەدەر و رایگەیاند ''لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ شێواوی سیستمی جیهانی نیشانداوە، ئەو ناهاوسەنگیانەی قوڵتر کردووەتەوە کە سەرچاوەکەی پێکهاتەی سیستمەکەیە. زۆر نیگهرانین لهوهی تا ئێستا نزیكهی یهك ملیۆن و ٥٠٠ ههزار کەسی دۆست لە ئهفریقا تووشی كۆرۆنا بوون".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی وەحیدەددین بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری کرد لە دانیشتنی کردنەوەی کۆڕبەندی ئابووریی تورکیا-ئەفریقا و گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا، باسی لەوە کرد کە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بە ئاسانترین شێوە رووبەڕووی پەتای کۆرۆنا بوونەتەوە و گوتی: ''خۆشحاڵین کە ئامێرەکانی هەناسەدان، دەمامک و جلوبەرگی پزیشکی خۆپارێزیی دروستکراوی تورکیا لە ئەفریقا هاوکاربوون لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەدا''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: ''پلاتفۆڕمی هاوبەشی تەندروستیی تورکیا-ئەفریقا دەتوانێت هاریکارییەکی گشتگیر و هەمیشەیی لە کەرتەکەدا فەراهەم بکات''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس، یەکێکە لە گەورەترین قەیرانە تەندروستییەکانی ئەم سەدەیە.
سەرکۆماری تورکیا هەروەها باسی لە تواناکانی تورکیا کرد و رایگەیاند "لە بواری گەشتوگوزاری تەندروستی و لەڕووی نرخ و خزمەتەوە، ئەستێرەی کەرتی تەندروستیی تورکیا بەردەوام درەوشاوەتر دەبێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "پێویستە چەرخی ئابووری بەبێ ئەوەی تەندروستی هاووڵاتییانمان بخاتە مەترسییەوە، بسوڕێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها باسی لە توانای وڵاتەکەی کرد لە بواری پیشەسازی بەرگرییدا و رایگەیاند کە پیشەسازی بەرگریی لەنێو ئەو کەرتانەدایە کە تورکیا لە ساڵانی رابردوودا داستانی تیادا تۆمارکردووە و گوتی:
''لە لیستی یەکەم سەد کۆمپانیای بواری بەرگریی لە جیهاندا، بە حەوت کۆمپانیا نوێنەرایەتی دەکەین''.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بە هەوڵی وڵاتەکەی کرد لە ئەفریقادا و گوتی: "سهرهڕای گرتنهبهری رێوشوێنهكانی كهرهنتینه و كێشه لۆجیستیكیهكان، لەم سهردهمه کە كۆرۆناش لەئارادایە، كۆمپانیاكانمان له ئهفریقا بهردهوامن له كارهكانیان".
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە پێشهاتەکانی قەرەباغ لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا رایگەیاند، قەرەباغ خاکی ئازەربایجانە کە نزیکەی ٣٠ ساڵە لەلایەن ئەرمینیاوە داگیرکراوە و گوتی:
''چارەسەرکردنی ئەم بابەتە کە بەهۆی هەڵوێستە ناتەبا و بێ ئابڕوویەکانی ئەرمینیاوە ماوەی ٣٠ ساڵە بووەتە گانگرین، کۆتاییهێنانە بە داگیرکاریی''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە کێشەی قەرەباغ، رایگەیاند ''وەک تورکیا بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی لە خەباتە رەواکەی ئازەربایجان دەکەین کە دەیکات بۆ گێڕانەوەی خاکەکەی''.