Irmak Akcan,Şilan Turp
20 حوزەیران 2025•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2025
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی کرملین، دیمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد بەزۆر گۆڕینی ڕژێم لە ئێران قبووڵ ناکرێت و، ئەگەری تیرۆرکردنی ڕابەری ئێران، عەلی خامنەیی سندوقی پاندۆرا دەکاتەوە (دەبێتەهۆی زنجیرەیەک کێشە و ئاڵۆزیی زۆر و چاوەڕواننەکراو).
لە لێدوانێکیدا بۆ سکای نیوز، پێسکۆڤ هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو شەڕ و پێکدادانانە کرد کە بەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
پێسکۆڤ باسی لەوە کرد ئەگەر ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا خامنەیی تیرۆر بکات، کاردانەوەی ڕووسیا زۆر نەرێنی دەبێت و، ڕایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە ئەمە پەسەند ناکەین".
گوتیشی: "(گۆڕینی ڕژێم لە ئێران) تەنانەت ناتوانرێت خەیاڵیشی پێوە بکرێت. پێویستە ئەمە جێگەی قبووڵ نەبێت، تەنانەت پێویستە قسەکردن دەربارەی ئەمە بەلای هەموو کەسێکەوە جێگەی قبووڵ نەبێت".
پێسکۆڤ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەدا لەبارەی ئەوەی ڕووسیا چ هەنگاوێک دەنێت لە ئەگەری تیرۆرکردنی خامنەییدا و، گوتی: "ئەمە لەناوخۆی ئێراندا سەرهەڵدانی ڕۆحی توندڕەوی لێدەکەوێتەوە، ئەوانەی باس لە (کوشتنی خامنەیی) دەکەن دەبێت ئەوەیان لەبیر بێت کە سندوقی پاندۆرا دەکەنەوە".
گوتەبێژی کرملین پێسکۆڤ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە، ئەمەیش نەک تەنیا بۆ ناوچەکە بەڵکو بۆ جیهان مەترسیدارە و، هۆشدارییدا لەوەی کە فراوانبوونی لایەنەکانی شەڕەکە مەترسیدارتری دەبێت.
پێسکۆڤ ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەگەری تێوەگلانی وڵاتانی دیکە لە دۆخی نێوان دوو وڵاتدا، زنجیرەیەکی دیکەی پێکدادان لە ناوچەکەدا دروست دەکات و،هەڵکشانی گرژییەکانی لێدەکەوێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، پێسکۆڤ باسی لەوە کرد کە گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە میانی ڕەت کردنەوەی پێشنیارەکانی سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین بۆ نێوەندگیریی کردن بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە کە ڕایگەیاند "لە شەڕی خۆتاندا نێوەندگیریی بکەن"، سووکایەتی نەبووە.
ڕاشیگەیاند: "شێواز و زمانێکی قسەکردنی تایبەت بە خۆی هەیە. ئێمە زۆر لێبوردەین و چاوەڕێین هەموو کەسێکیش بەرامبەر ئێمە لێبوردە بێت".