Sümeyye Dilara Dinçer
04 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2022
جاکارتا - AA
گڕکانی چیای سێمێروو کە بەرزییەکەی سێ هەزار و ٦٧٦ مەترە و دەکەوێتە ویلایەتی جاڤای رۆژھەڵات لە ئیندۆنێزیا، تەقییەوە.
گوتەبێژی ئاژانسی نیشتمانیی کارەساتە سروشتییەکانی ئیندۆنێزیا، عەبدول موحاری رایگەیاند کە ئەو وەرینیەی کە بەهۆی لاڤاوە دروست بووە بووەتە هۆی تەقینەوەی گڕکانەکە.
عەبدول موحاری ئاماژەی بەوە داوە کە خۆڵەمێش و دوکەڵی چڕ لە گڕکانەکەوە تا هەزار و ٥٠٠ مەتر بەرز بووەتەوە و بارستەی لاڤا لە بناری گڕکانەکەوە گەیشتووەتە رووبارەوە.
راگەیەندرا کە هەندێک شارەدێی نزیک لە ناوچەی گڕکانەکە بە هەورێکی خۆڵەمێش داپۆشراون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەرپرسان رایانگەیاندووە، سەدان کەس گواستراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.
سیستەمی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە گڕکانەکان لە ئیندۆنێزیا لە چوار ئاست پێکدێت. زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە لە نزمترین ئاستەوە بۆ بەرزترین ئاست بەم شێوەیە: "سەوز"، "زەرد"، "پرتەقاڵی" و "سوور".
بەهۆی تەقینەوەی گڕکانی سێمێروو لە چواری کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، ٥١ کەس گیانیان لەدەستدابوو.
لە ئیندۆنێزیا کە کەوتووەتە "پشتێنەی ئاگری زەریای ئارام"، نزیکەی ١٣٠ گڕکانی چالاکی هەن.