Sinan Doğan
19 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2020
بۆگۆتا - AA
بە هۆی گەردەلوولی لۆتا-وە کە لە ئەمریکای ناوەڕاست کاریگەرە، تا ئێستا ٢٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی هەواڵی میدیا خۆجێیەکان، لۆتا کە رۆژانی کۆتایی هەفتە گۆڕا بۆ گەردەلوول، کاریگەری کەوتووتە سەر وڵاتانی پاناما، ئێلسلڤادۆر، ئیکوادۆر، هۆندۆراس، گواتیمالا، کۆستەریکا و نیگاراگوا-ی ئەمریکای ناوەڕاستی دا .
لەو ناوچانەدا کە باری نائاسایی راگەیەندراوە تا ئێستا لە نیگاراگوا ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە، لە هۆندۆراس پێنج کەس، لە پاناما و ئێلسالڤادۆر یەکی یەک کەس کە کۆی گشتیان دەکاتە ٢٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
لەو ناوچانەدا کە گەردەلوولەکە کاریگەرە بە هۆی رووخانی پرد و تێکچوونی رێگاوبانەکانەوە هەوڵ دەدرێت لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە کاروبارەکان ئەنجام بدرێن.
هەروەها بەهۆی بارانی بەلێزمە و دروستبوونی لافاو، هەزاران خانوو ژێر ئاو کەوتوون و، زیانێکی گەورە بەر رێگاوبان، پرد و کێڵگە کشتوکاڵییەکان گەیشتووە.
لەو ناوچە کارەساتبارانەدا، بە هاوکاری یەکەکانی سوپا کارەکانی گەڕان و رزگارکردن بەڕێوەدەچێت و گواستنەوەی هەزاران کەس بۆ شوێنە ئارامەکان بەردەوامە.
لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا، بە هۆی گەردەلوولی ئیتا-وە لە وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاستدا ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا کە ١٥٠یان لە گواتیمالا بوون.
لە ویلایەتی کارۆلینای باکووری ئەمریکاش، بە هۆی هەمان گەردەلوولەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.