Hakan Çopur
10 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2022
واشنتۆن-AA
بەڕێوەبەری ھەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، ئاڤریڵ ھەینز ئاشکرای کرد، سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جگە لە پێکدادانەکان لە دۆنباس، ئامادەکاریی بۆ "جەنگێکی درێژکراوە" لە ئۆکراینا دەکات.
لە میانی بەشدارییکردنی لە دانیشتنی "ھەڕەشەکان لەسەرانسەری جیھان" لیژنەی خزمەتگوزارییە سەربازییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، بەڕێوەبەری ھەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، ئاڤریڵ ھەینز، لەبارەی جەنگی ئۆکرایناوە دوا.
ئاڤریڵ ھەینز لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نیازی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە ئۆکراینا، رایگەیاند: "ئەگەر رووسەکان لەوێ (لە دۆنباس) سەرکەوتنیش بەدەستبھێنن، ئەم دۆخە کۆتایی بە جەنگ ناھێنێت. پێمان وایە سەرۆکی رووسیا، پوتین لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی دوورتر لە دۆنباس، ئامادەکاریی بۆ جەنگێکی درێژکراوە دەکات".
ھەروەھا ھەینز تیشکی خستەسەر ئەوەی رووسیا نەیتوانیوە بگاتە ئەو ئامانجە سەربازییانەی کە سەرەتا داینابوون و ھەر بۆیە ئاڕاستەی تواناکانی لەجیاتی کیێڤ بەرەو دۆنباس گۆڕیوە و رایگەیاند: "١-٢ مانگی داھاتوو زۆر یەکلاییکەرەوە دەبێت، رووسەکانیش ھەوڵە سەربازییەکانیان لە ناوچەی دۆنباس زیاد دەکەن. رەنگە ئامانجە ستراتیجییەکانی پوتین نەگۆڕابن".
بەڕێوەبەری ھەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، رووسیا لەرێگەی درووستکردنی جۆرێک لە پرد لەنێوان کرێمیا و دۆنباس، خێرسۆنیشی داگیرکردووە و ئامانجی ئەوەیە سەربازانی ئۆکراینا کە لە ناوچەکە ماون، لەناوبەرێت. باوەڕی خۆیشیانی نیشاندا بەوەی ئەگەر پوتین پشتیوانییەکی بەھێز بۆ ناوچەکانی ترانسدینیەستەر و ئۆدێسا نەنێرێت، ئەوا ناتوانێت ئەوە بەدیبھێنێت کە خواستیەتی.
ئاڤریڵ ھەینز باسی لەوەکرد لە سەرەتای جەنگدا مۆسکۆ باوەڕی وابوو درزێک دەکەوێتە نێوان ئەمریکا و ئەورووپاوە و ئێستاش پێی وایە قەیرانی وزە و خۆراک دەبێتە ھۆی دابڕانی ھەرێمایەتیی، و جەختی لەوە کردەوە ھەنگاونانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا پێکەوە، پلانەکانی پوتینی تێکداوە.
ھەروەھا ھەینز جەختی لەوە کردەوە پێیان وایە پوتین تەنھا ئەگەر ھەست بکات مەترسی لەسەر بوونی رووسیا ھەیە رەنگە پەنا بۆ بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی ببات بەڵام سەرەڕای ئەمەش بە وریایی و ئاگادارییەوە مامەڵەیان کردووە.