Abdel Ra'ouf D. A. R. Arnaout,Zana Natık Kerem
01 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2024
قودس ــ AA
سەرکردەی ئۆپوزسیۆنی ئیسرائیل، یائیر لاپید ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو بۆ ئەو پۆستە شیاو نییە، چونکە ئیسرائیل بەرەو کارەساتی دیکە دەبات.
یائیر لاپید کە سەرۆکی پارتی "داھاتوو ھەیە" لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "Maariv"ی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە: "بێنیامین ناتانیاھو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران شیاو نییە و دەبوو ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر دەستبەرداری دەسەڵات بووایە".
وەک ئاماژەیەک بۆ ھێرشەکەی ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆسەر ناوچە جوولەکەنشینەکان نزیک سنووری کەرتی غەززە، گوتی: "ئەگەر ئەو کارەساتە لەسەردەمی دەسەڵاتی من ڕووی بدایە، ئەوە دەستم لەکار دەکێشایەوە".
گوتیشی: "بێنیامین ناتانیاھو، ئیسرائیل بەرەو کارەساتی دیکە دەبات، بۆیە باشتر وایە حکوومەتێکی دیکە بەبێ بێنیامین ناتانیاھو پێکبھێندرێت، ئەگەر ئەوەش بەدی نەھات، ئەوە پێویستە لە ڕێگای ھەڵبژاردنەوە بەدی بھێندرێت".
سەرکردەی ئۆپوزسیۆنی ئیسرائیل، یائیر لاپید ئاماژەی بەوەشدا کە بێنیامین ناتانیاھو ھیچ بەلایەوە گرنگ نییە ئیسرائیل بسوتێت، ئەوەی بەلای ئەو گرنگە، ئەوەیە لە دەسەڵات بمێنێتەوە".