Zana Natık Kerem
25 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2018
نیویۆرک ــ AA
نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیکی ھالی رایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکا، ١٦٥ ملیۆن دۆلاری لە شێوەی یارمەتی مرۆیی بۆ موسڵمانانی رۆھینگیا لە ھەرێمی ئاراکان رۆژئاوای میانمار و کەمپی ئاوارەکان لە بەنگلادیش تەرخانکردووە.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە پەراوێزی ٧٣ھەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، نیکی ھالی رایگەیاند، گرنگە ھەوڵەکان زیاتر لە پێناو دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە لە کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی بەرامبەر بە موسڵمانانی رۆھینگیا بەشداریانکردووە چڕبکرێنەوە.
نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داواشی کرد کە دەبێت سنوورێک بۆ توندوتیژی دابنرێت و رێگە بدرێت ھاوکارییە مرۆییەکان بگەیەندرێتە موسڵمانانی رۆھینگیا لە ھەرێمی ئاراکان و کەمپەکانی بەنگلادیش.
نیکی ھالی لە بارەی یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ موسڵمانانی رۆھینگیا تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەو ١٦٥ ملیۆن دۆلارە کە ئیدارەی ئەمریکا تەرخانیکردووە، چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری گرنگ بۆ ئاوارەکانی رۆھینگیا لە بەنگلادیش پێ جێبەجێ دەکرێن.
ناوبراو راشیگەیاند، ئەمریکا لە بەرامبەر یارمەتیدانی موسڵمانانی رۆھینگیا، ھەست بە شانازی دەکات و گوتی: "ھێشتا کاری زۆر ماوە ئەنجامی بدەین، بۆیە ئێمە پێویستمان بە وڵاتانی دیکە هەیە تا رۆڵی خۆیان بۆ یارمەتیدانی موسڵمانانی رۆھینگیا بگێڕن".
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاکامی ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانانەی کە سوپای میانمار و بوزییە رەگەزپەرستەکان لە ٢٥ی ئابی ساڵی ٢٠١٧ بەرامبەر بە موسڵمانانی رۆھینگیا لە ھەرێمی ئاراکان ئەنجامیانداوە، وێرای ئەوەی بە ھەزاران کەس کوژران، ھەروەھا ٨٢٦ کەسی دیکە لەو ھەرێمە ئاوارەی بەنگلادیش بوون.