Ata Ufuk Şeker
08 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2021
بڕۆکسل - AA
سەرۆکی كۆمیسیۆنی یهكێتیی ئهورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن رایگەیاند کە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا، پێویستە ساڵانە بەبڕی ٤٧٠ ملیار یورۆ وەبەرھێنان بکرێت لەو بوارەدا.
ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن لە میانی گۆتارێکیدا کە لە کۆنفرانسی بوودجەی ٢٠٢١دا پێشکەشی کرد کە لە بڕۆکسل سازکرابوو، باسی لە بوودجەی یەکێتیی ئەورووپا و بەرنامەی رزگارکردن کرد.
سەرۆکی كۆمیسیۆنی یهكێتیی ئهورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن باسی لەوە کرد کە بوودجەی یەکێتی ئەورووپا بۆ ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٧ و بەرنامەی رزگارکردنی ئابووریی بەناوی "نەوەی نوێی یەکێتیی ئەورووپا" گەیشتە ٢،١ تریلیۆن یورۆ، بەو سەرچاوەیەش پێشینەی کار دەدەن بە بوارەکانی وەک ژینگە و وەرچەرخانی دیجیتاڵی.
ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە ھەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا و رایگەیاند "پێشبینی دەکەین بەبڕی ٤٧٠ ملیار یورۆ پێویستمان بە وەبەرھێنانی ساڵانە ھەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا. لەبەرئەوە سەدا ٣٠ی پارەی بوودجەی درێژخایەنی یەکێتیی ئەورووپا و بەرنامەی رزگارکردن تەرخان کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا".
سەرۆکی كۆمیسیۆنی یهكێتیی ئهورووپا ھەروەھا باسی لە گرنگیی وەرچەرخانی دیجیتاڵی کرد و گوتی: "پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەریخست کە کە ئەورووپا لە ھەمان ئاستدا نییە وەک رکابەرە جیھانییەکانی لە داھێنانی تەکنۆلۆجیا و وەبەرھێناندا".
ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە ئەو کورتھێنانە چارەسەر بکرێت، چونکە بوودجەی یەکێتیی ئەورووپا ھاوکار دەبێت لەو بارەیەوە.
سەرۆکی كۆمیسیۆنی یهكێتیی ئهورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن باسی لەوەیش کرد کە سەدا ٢٠ی ئەو پارەیەی بۆ بەرنامەی رزگارکردن تەرخان کراوە کە ٦٧٢،٥ ملیار یورۆیە تەرخان دەکرێت بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی، ئەو بەرنامەی رزگارکردنەش بەڕێژەی سەدا دوو گەشەی ئابووریی یەکێتیی ئەورووپا بەرز دەکاتەوە.