Ömer Tuğrul Çam
17 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2021
بڕۆکسل - AA
یەکێتی ئەورووپا، لەبەرامبەر ھێرش کردنە سەر ئۆکراینا، ھەڕەشەی سەپاندنی سزای قورس لە رووسیا دەکات.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتییەکە، چارلس میشێل و سەرۆک وەزیرانی سلۆڤینیا، یانیز یانشا کە سەرۆکایەتی خولی ئێستای یەکێتییەکە دەکات، لە کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەورووپا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا، میشێل، ئەوەی ئاشکرا کرد کە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی ئۆکراینا دەکەن و رایگەیاند: "ھەر ھێرشێک بۆسەر ئۆکراینا، ئەنجامی زۆر جددی بەدوای خۆیدا دێنێت. لەوبارەیەشەوە ئامادەین لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر".
میشێل، باسی لەوەش کرد کە سەرۆکی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، لەسەر سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر رووسیا، ھاوڕابوون.
لای خۆشیەوە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە لە رابردوودا ھەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر لەشکرکێشی رووسیا بۆسەر سنووری ئۆکراینا، خستووەتەڕوو و داواشیان لە حکوومەتی مۆسکۆ کردوە خۆی لە ئەنجامدانی پەلامار و زیاتر کردنی گرژییەکان، بەدوور بگرێت.
ناوبراو ئەوەشی دووپات کردەوە کە یەکێتی ئەرووپا دەخوازێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رووسیا ھەبێت بەڵام ئەمە پەیوەستە بە حکوومەتی مۆسکۆوە، گوتیشی: "ھیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەگەر رووسیا دژ بە ئۆکراینا بکەوێتەخۆ ئەوا یەکێتی ئەورووپاش سزایەکی زۆر قورسی بەسەردا دەسەپێنێت".
ھەروەھا سەرۆکی سلۆڤینیا، یانشا کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی یەکێتی ئەورووپا دەکات، ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتانی یەکێتییەکە دەربارەی ئۆکراینا، ھەڵوێستی ھاوبەشیان ھەیە و رایگەیاند: "رێگە نادەین جارێکی دیکە ئەو رەوشە بێتەوە ئارا کە لەکاتی داگیرکردنی دورگەی قرم لەلایەن رووسیاوە، ھاتەئارا. ئەمجارە ئامادەکاری تەواومان کردوە".