Rewa Mahmut Hasan
24 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2017
پاریس AA
بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بێت لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا، سەرۆکی بزووتنەوەی ئێن مارش (رێپێوان)، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕەوی توندئاژۆ، مارین لو پێن لە ریزی یەکەمدان.
تا ئێستا لەسەدا ٩٧ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و بەو پێیەش، ئێمانوێل مارکۆن لە ریزی یەکەمدایە و مارین لو پێن لە ریزی دووەمدایە و سەرۆکی پارتی چەپڕەو، جین لوک مەلەنچۆن بە رێژەی لەسەدا ١٩،٦ لە ریزی سێیەمدایە. هەرچی بەنۆیت هامۆنی کاندیدی پارتی سۆسیالیستی دەسەڵاتداری ئێستاشە دەنگەکانی گەیشتۆتە ٦،٣ لەسەدا.
بڕیارە هەریەک لە ئیمانوێل ماکرۆن و مارین لو پێن لە ٧ی مانگی داهاتوودا بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن بکەونە کێبرکێ.
لە هەڵبژاردنەکەدا، رێژەی ئەوانەی دەنگیان نەداوە لەسەدا ٢١،٨ە و ئەنجامەکانیش بەم شێوەیە بوون:
ئێمانوێل مارکۆن، ٨،٥٢٨،٥٨٥ دەنگ کە دەکاتە لەسەدا ٢٣،٨٦
مارین لو پێن: ٧،٦٥٨،٩٩٠ دەنگ کە دەکاتە لەسەدا ١٩،٩٤
جین لوک مەلەنچۆن: ٧،٠١١،٨٥٦ دەنگ کە دەکاتە لەسەدا ١٩،٦٢
بەنۆیت هامۆن: ٢،٢٦٨،٨٣٨ دەنگ کە دەکاتە لەسەدا ٦،٣٥
نیکۆلاس دوپۆنت-ئایگنان: ١،٦٨٩،٦٨٦ دەنگ کە دەکاتە لەسەدا ٤،٧٣
جین لاسالە: ٤٣٣،٩٩٦ دەنگ کە دەکاتە لەسەدا ١،٢١
فیلیپ پۆتۆ: ٣٩٢،٤٥٤ دەنگ کە دەکاتە لەسەدا ١،١٠
فراسنیۆ ئاسەلینیاو: ٣٢٩،٩٥١ دەنگ کە دەکاتە لەسەدا ٠،٩٢
ناتالیە ئارساود: ٢٣١،٦٦٠ دەنگ کە دەکاتە لەسەدا ٠،٦٥
جاکوەس چەمیناد: ٦٥،٠٧٦ دەنگ کە دەکاتە لەسەدا ٠،١٨
بە هۆی درەنگ کەوتنی جیاکردنەوەی دەنگەکانی ناوچەکانی دەرەوەی سنووری وشکانی فەڕەنسا، تا ئێستا جیاکردنەوەی دەنگەکان نەگەیشتۆتە سەدا سەد.
بڕیارە رۆژی ٢٦ ئەم مانگە ئەنجامی فەرمی لە لایەن کۆمیسیۆنی دەسوورییەوە ئاشکرا بکرێت. لە خولی دووەمدا ئەو کاندیدەی هەڵبژاردن دەباتەوە لە ١٤ی مانگی داهاتوودا پۆستی سەرکۆمار لە فرانسۆ ئۆڵاند، وەردەگرێت.