Saad Hewrami
19 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2016
جێگری نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، عەلی دۆلەمەری،رایگەیاند کە كورد وێنەیەكی جوانی لە فەڕەنسا ھەیە و ئەگەر كوردستان بڕیاری ریفراندۆم بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی بدات ئەوان رێز لەو بڕیارەی كورد دەگرن.
عەلی دۆلەمەری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتى: "پەیوەندی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فەڕەنسا پەیوەندییەكی توندوتۆڵ و لە مێژیینەیە كە بۆ سەردەمی مەلامستەفای بارزانی دەگەڕێتەوە و، لەسەردەمی دانیاڵ میتران و فرانسوا میتەراندا ئەو پەیوەندییە زیاتر گەشەی سەند تا گەیشتە ئەم كاتەی ئێستا".
جێگری نوێنەری حكوومەتی ھەرێم لە فەڕەنسا، ئاماژەی بەوە دا كە لە دوای تەقینەوەكانی پاریس، حكوومەتی فەڕەنسا ھاوكارییەكانی خۆی بۆ حكوومەتی ھەرێم زیاتر كرد، چونكە پێیان وابوو كە ئەگەر دوای تەقینەوەكان ھاوكاری زیاتر نەكەن ئەوە رەنگە تەقینەوەی زیاتر لە فەڕەنسا و ئەورووپا رووبدات.
عەلی دۆلەمەری گوتیشی: "حكوومەتی فەڕەنسا یارمەتی زۆری حكوومەتی ھەرێمی داوە و ھەر لەسەرەتای ھاتنی داعشەوە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی ھەولێری كرد و دواتر وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە ھاتە ھەرێم و چەك و تەقەمەنییەكی زۆریشان ناردووە بۆ ھەرێمی كوردستان و ژمارەیەك راوێژكاری فەڕەنسا لە ھەرێمی كوردستانن كە مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە دەكەن".
سەبارەت بە تێڕوانینی شەقامی فەڕەنسی بۆ كورد و پێشمەرگە، عەلی دۆلەمەری گوتی: "كورد وێنەیەكی زۆر جوانی لە فەڕەنسا ھەیە، كاتێك لە فەڕەنسا باسی كورد دەكرێت ناوی پێشمەرگە بەدوای ناوی كوردەوە دێت و، دەڵێن كە كورد و پێشمەرگە لە جیاتی جیھان شەڕی ئازادی دەكەن و ئێمە دەپارێزن. لە رۆژنامە و میدیاكانی ئەو وڵاتەشدا گرنگییەكی زۆر بە پێشمەرگە و كورد دەدەن و پێشوازیكردنی سەرۆكی فەڕەنسا لە شاندی پێشمەرگە مانای ئەوەیە كە ئەو وڵاتە گرنگیەكی زۆر بە ھەرێمی كوردستان دەدات".
نوێنەری حكوومەتی ھەرێم لە فەڕەنسا گوتیشی: "پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و فەرەنسا تەنیا پەیوەندی سیاسی نین و لە رووی ئابووری و فەرھەنگیشەوە زۆر بەرەو پێشەوەچوون كە لە ئێستادا چەندین كۆمپانیای فەڕەنسا وەكو تۆتاڵ و چەندین كۆمپانیای دیكە لە ھەرێمی كوردستان كاردەكەن لە روووی رۆشنبیرییەوە چەندین فێسیتیڤال و پرۆژەی ھاوبەش لە نێوان ھەردوولادا ئەنجام دراوە و بۆ نموونە ئەمساڵ سەرۆكی شارەوانی پاریس لە ئاھەنگی نەورۆزدا لە ٢١ی مانگی ٣ی رابردوو لە تەلاری بینای شارەوانی پاریس بۆ كوردی ئەنجام دا كە نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سیروان بارزانی بەشداری تێدا كرد".
عەلی دۆلەمەری لە كۆتاییدا گوتی: "لە ھەموو كۆبوونەوەكانی نوێنەرانی حكوومەتی ھەرێم لە فەڕەنسا لەگەڵ بەرپرسیانی ئەو وڵاتە كە باسی سەربەخۆیی و ریفراندۆممان كردبێت ئەوان دژی نەوەستاون و گوتوویانە ئەوە بڕیارێكی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە و ئەگەر گەلی كوردستان بڕیاری سەربەخۆییان دا ئەوان رێز لەو بڕیارە دەگرن. بۆیە لەلای ئەوانەوە ھیچ كێشەیەك نابێت ئەگەر گەلی كورد ئەو بڕیارە بدات".