كەركووك
دوای ئەوەی ھێزەكانی عێراق توانیان شاری تكریت لە ژێر دەستی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دەربھێنن لە ئێستادا ئاوارەكانی تكریت كە ماوەیەكە لە شاری كەركووك نیشتەجێن بەرەو شارەكەی خۆیان بەڕێدەكرێن. ئەمڕۆ كاروانێكی دیكەی ئاوارەكان كە لە 300 كەس پێكھاتووە بەرەو شاری تكریت بەڕێكران بەمەش ژمارەی كاروانەكان گەیشتە پێنج كاروان.
لە ماوەی رابردوودا چەكدارانی داعش پردی نێوان تكریت و خورماتوویان تەقاندەوە بۆیە كاروانی ئاوارەكان بۆ چوونە نێو تكریت رێگەی دیكە دەگرنەبەر. رێگەی دوزخورماتوو - تكریت سێ سەعاتە بەڵام بە ھۆی رووخانی پردەكە و چوونی پاسەكان بە رێگایەكی دیكە رێگەكە 10 سەعات دەخایەنێت.
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی كەركووك عەممار سەباح لە لێدوانێكدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند گەڕانەوە بۆ تكریت بە شێوەیەكی رێكوپێك بەردەوامە و گوتی: "ئەمڕۆش 300 ھاووڵاتی تكریت لەسەر داوای خۆیان دەگەڕینەوە زێدی خۆیان لە تكریت. لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە تا وەكو ئێستا ھەزار و 400 ئاوارەمان بۆ تكریت ناردووەتەوە. ھاوكات رۆژانە ھاووڵاتییانی ئەو شارە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیانەوە دەگەڕێنەوە شارەكە.
سەرۆكی كۆمیسیۆنی گەڕانەوەی پەنابەران و راوێژكاری مافەكانی مرۆڤ لە پارێزگاری سەڵاحەدین دكتۆر عەممار جوانی ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو رێگایەی كە پەنابەرەكان گرتوویانەتەبەر رێگەیەكی سەلامەتە و گوتی: "ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بە درێژایی رێگاكە ھاوكارمان دەبن. لە ھیچ رووێكەوە كێشەمان نییە، بەڵام تا ئێستاكە رێگەی خورماتوو و تكریت بەكارناھێنرێت. چەكدارانی داعش پردی رێگەری سەرەكی نێوان خورماتوو- تكریتیان تەقاندەوە و بۆیە ناچار ئاوارەكان رێگەی دیكە دەگرنە بەر ئەم رێگەیەش 10 سەعات دەخایەنێت".
ھاووڵاتی شاری تكریت بورھان عەبدلكەریم لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ شاری تكریت گوتی: "ئاوارەكان بە گەڕانەوەیان بۆ شارەكەیان دڵخۆشن".