سلێمانی
ڕێكخراوی تیمه‌كانی بنیاتنه‌ری ئاشتی ( CPT )، كه ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی مافی مرۆڤه و له ساڵی 2006ه‌وه له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كا، ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له قاوه‌خانه‌ی كولتوری له شاری سلێمانی، هۆشداری دایه هه‌رسێ لایه‌نه‌كه بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی دیموكراسیانه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.
ئه‌و رێكخراوه سه‌ره‌تا هانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ده‌دا "له هه‌وڵی سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌دا بن و به‌شێوازێكی ئاشتییانه وه‌ك میلله‌ته‌كه‌یان باوه‌ڕیان به‌وه هه‌بێ كه له دیموكراسیدا، خه‌ڵك له رێگای ده‌نگدانه‌وه بڕیار له هێشتنه‌وه یان گۆڕینی ده‌سه‌ڵات ده‌دا، نه‌ك له‌ڕێگای فیشه‌ك و توندوتیژییه‌وه ده‌سه‌ڵات بسه‌پێنن".
سه‌باره‌ت به‌هێزه ئه‌منییه‌كانیش داوا ده‌كا "وه‌ك چۆن په‌رۆشی ئه‌من و ئاسایشی بیانی وه‌ك ئێمه‌ن، هه‌رواش خه‌مخۆر و په‌رۆشی ئه‌منییه‌ت و ئاسایشی خه‌ڵكانی خۆیان بن و نه‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی لایه‌نه سیاسییه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات، چونكه ئه‌و هێزانه له هه‌موو دنیادا كاری خۆیان سه‌ربه‌خۆیانه به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن".
CPT نیگه‌رانیی خۆی له سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ند رووداوێكی نه‌خوازراوی توندوتیژی پیشان ده‌دا، كه بوونه مایه‌ی كوژران و برینداربوونی چه‌ند كه‌سێك و ئه‌نجامدانی پێشێلكاری جگه دژ به چه‌ند ڕۆژنامه‌نووسێك.
ئه‌و ڕێكخراوه سه‌رسوڕمانی خۆی له هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌رامبه‌ر پرۆسه‌كه نیشان ده‌دا "بۆ ئێمه مایه‌ی پرسیاره كاتێك نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دوای ئه‌و ڕوداوه نه‌خوازراوانه باس له‌وه ده‌كات بانگه‌شه‌كان به‌شێوه‌ی ئاشتیانه به‌ڕێوه ده‌چن، بۆیه داوایان لێده‌كه‌ین له‌كاتی چاودێریكردنیان له‌ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا چاودێرێكی چالاك بن و له‌كاتی بوونی هه‌ر ته‌زویر و پێشێلكارییه‌كدا ڕێگر بن، یاخود له ڕاپۆرته‌كانیاندا ڕاشكاوانه ئاماژه‌ی پێبده‌ن".