ئەنقەرە
لە پەیامێکی نووسراودا شاندی بەدەپە لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنەی لە ئیمرالی ئەنجامیان دا ئاماژەیان بەم قسانەی ئۆجەلان دا:
"قۆناغی دیالۆگ کە ساڵێک پێش ئێستا دەستمان پێ کردووە، پێویستە لە ئێستاش بەدواوە بە فۆرمێکی نوێ، واتە بەشێوەیەکی واتادارتر و قوڵتر درێژەی پێ بدرێ. بۆ بەرەوپێشچوونی دیالۆگێکی واتادار، ئەو دەرفەت و ئامرازانەی پێویستن، گەیاندوومەتە دەوڵەت و قەندیل، بەتایبەتی بۆ ئەنجامدانی دیالۆگێکی قوڵ، دەستەبەرکردنی دەرفەت و ئامرازی پێویست لەلایەن دەوڵەتەوە، بۆ بەرەوپێشبردنی قۆناغەکە گرینگە. ئەو ڕێگایانەی بەرەو چارەسەر دەڕۆن، تەنیا بەم شێوەیە دەکرێنەوە و لەم روانگەیەوە ئومێدەوارم حکوومەت بە جدییەتەوە ھەڵوێستە لەسەر ئەم بابەتە بکات".
لە پەیامەکەدا ھاتووە "دەمەوێ بڵێم، واتا دەبەخشم بە پاراستنی دۆخی ئاگربەستی دوولایەنە لەم قۆناغەدا. ھەموومان دەرک بەواتاداری قۆناغەکە دەکەین، بەڵام ھەمووشمان دەزانین ئەوەندەی قۆناغێکی واتادارە، ئەوەندەش بە زۆر و زەحمەتی تێپەڕ دەبێ. ئەگەر لە چوارچێوەی پێشنیاز و بۆچوونەکانی من بتوانین سەرکەوتوو بین بەسەر زەحمەتییەکاندا، دەتوانین بە فۆرمێکی نوێ و بەدیالۆگێکی قوڵ لەسەر رێیە بەردەوام بین".