Rewa Mahmut Hasan
16 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2016
بە بەشداری هەریەک لە فەرماندەی هێزی ئاسمانی، ئەنوەر حەمە ئەمین، فەرماندەی باڵی سەربازیی کەتیبەی بەدر هادی عامری، فەماندەی پێشمەرگە لە باکووری کەرکووک دکتۆر کەماڵ کەرکووکی، فەرماندەی میحوەری گوێڕ - مەخموور سیروان بارزانی، فەرماندەی باشووری کەرکووک وەستا رەسووڵ هەروەها چەند بەرپرسێکی تری باڵای سەربازیی عێراق و هەرێم، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە شاری کەرکووک بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دوو سەعاتی خایاند پرسی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی داعش لەسەر کەرکووک و چواردەوری هاتنەبەرباس.
دوای کۆبوونەوەکە فەرماندەی باڵی سەربازی کەتیبەی بەدر هادی عامری کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی رێکخست و ئاماژەی بەوە دا کە پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بووە لەلایەن داعشەوە لە شارۆچکەی تازەی سەر بە کەرکووک.
عامری ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هەموو لایەنەکان کراوە بۆ رزگارکردنی ناوچەکان و دوورخستنەوەی مەترسی داعش لەسەر کەرکووک و دەوروبەری.
عامری ئاماژەی بەوە دا کە تەنیا رێگەی رزگاریی لە بەڵای داعش، پێکەوە کارکردنە، کە ئەو ئەزموونەشیان لە ئابڵوقەی سەر ئامرلیدا هەیە. ناوبراو ئاماژەی بە ئامادەکارییەکان دا بۆ رزگارکردنی مووسڵ و رایگەیاند کە ئەوان لە ئێستادا بەردەوامن لە ئامادەکارییەکان بۆ رزگارکردنەوەی شارەکە و تەنیا پێویستیان بەکاتە و هەرکاتێک ئامادەکارییەکان تەواو بوو، ئەوە هێرشی رزگارکردنی سەر مووسڵ دەست پێ دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ بەربەستێک هەبێت.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین مەهدی تاکی کە یەکێکی ترە لە بەشداربووانی کۆبوونەوە ئەمنییەکەی کەرکووک، ئاماژەی بەوە دا کە لە زۆر ناوچەی عێراق ئۆپەراسیۆن بەڕێوە دەچێت بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی شارۆچکەی تازەی سەر بە کەرکووک، گرنگی زیاتر دەدەن بە ئازادکردنی حەویجە، ریاز، رەشاد و بەشیر.