ڤییەنا
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دانیشتنی ئاسایی خۆی لە ڤیەننا دەست پێکرد و پرۆگرامی ئەتۆمی ھەریەک لە ئێران و سوریا و کۆریای باکور تاوتوێ دەکات و ئێرانیش باسی لە تواناکانی ئیسرائیل لەو بوارەدا کرد.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیدا لە ڤییەنا، گرنگی بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و سوریا و کۆریای باکور دەدا، (عەلی ئەکبەر ساڵحی) جێگری سەرکۆماری ئێران لە دانیشتنەکەدا بەردەوامبوونی وڵاتەکەی لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی و دەستخستنی مادەی یۆرانیۆم دووپات کردەوە.
نوێنەرانی ١٥٩ وڵات بەشداری لە دانیشتنەکەدا دەکەن و دەبێ ئەو کەسانە وەزیر یان سیاسەتمەداری باڵا یاخود شارەزای بواری وزەی ئەتۆمی بن.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا یاسایەک لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئیسڕائیل و ئێران دەربکرێ.
لە مێژووی ئەم ئاژانسەدا تەنھا یەک جار و لە ساڵی ٢٠٠٩ لەسەر بڕیارەکان کۆدەنگییان ھەبووە، ئەو جارەش ئیسرائیل پابەندی یاساکە نەبووە.
تورکیاش بە دوو ئەندام لەگەڵ دەستەیەکی ھەمیشەیی ٥ کەسی بەشداری لە کۆبوونەوەکان دەکا.
نوێنەرانی ئێران کە لە بەرپرسی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و جێگری سەرکۆمار (عەلی ئەکبەر ساڵحی) پێکھاتبوون، لە دانیشتنەکەدا راشکاوانە ئەوەیان ڕاگەیاند کە برەو بە بەرنامەی ئەتۆمیی خۆیان دەدەن و نیازیشیان لەم کارەدا دەستخستنی وزەیە، نەک دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.
چاوەڕوان دەکرێ دانیشتنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تا ٢٠ی ئەم مانگە بخایەنێ.