Sangar Hamad Azeez
24 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2015
ڤیەننا
دوای کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکەی ئەمریکا، رووسیا، سعوودیا و تورکیا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا سەبارەت بە قەیرانی سووریا، لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری گوتی: "سەبارەت بە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات لەگەڵ وڵاتی رووسیا هاوڕا نین".
ناوبراو هەروەها گوتی: "تەنیا رووسیا و ئێرانن کە پاڵپشتی مانەوەی ئەسەد دەکەن لە دەسەڵات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سعوودیە، ئیمارات، تورکیا، قەتەر، ئوردن، میسر، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەورووپا و چەندین وڵاتی دیکە وای دەبینن کە ئەستەمە ئەسەد لە دەسەڵات بمێنێتەوە و ئاشتی لە سووریا بەرقەرار بێت، بۆیە دەبێت ئەو بابەتە بە رێگای سیاسی چارەسەر بکرێت".
جۆن کیری گوتی: "سەرەڕای ئەوە لە کۆبوونەوە چوارقۆڵیەکە بیروڕای جیاواز هەبوو بەڵام بەمەبەستی گەیشتن بە رێگەچارەیەک، هەفتەی داهاتوو بە بەشداری چەند وڵاتێکی دیکە، درێژە بە کۆبوونەوەکان دەدەین".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "لە کۆبوونەوە چوار قۆڵیەکە چەندین بیرو ڕای نوێ پێشنیار کرا و هەوڵ دەدەین لە ماوەی داهاتوودا هەڵسەنگاندن بۆ بیرەڕاکان بکەین".
جۆن کیری تیشکی خستەسەر ئەوەی کە رووسیا خۆی ویستوویەتی بەشداری لە کۆبوونەوەی چارەسەری قەیرانی سیاسی سووریا بکات وسەبارەت بە بەشداریکردنی ئێرانیش گوتی: "لە ئێستادا ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆدا نییە، لەوانەیە لە داهاتوودا لەگەڵ ئێرانیش گفتوگۆ بکەین بەڵام بۆ ئێستا ئەو وڵاتە لە دەرەوەی بابەتەکەیە".
ناوبراو درێژەی دایە و گوتی: "لە پلانمان دایە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو کە بڕیارە لە هەینی داهاتوو ئەنجام بدرێت هەر یەک لە وڵاتانی فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، قەتەر و ئوردن بانگهێشت بکەین".
کیری گوتی: "ئێمە بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بەرەنگاربوونەوەی رووسیا دەکەین بەرامبەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەڵام رەخنەی توندیش لەو وڵاتە دەگرین بەهۆی هێرشکردنە سەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆتاییدا گوتی: "ئەگەر رووسیا بیەوێت بەشداری لەو پڕۆسەیە بکات، ئەوە دەبێ رۆڵێکی بنیاتنەر بنوێنێ ئێمە پێشوازی لێ دەکەین. ئەگەر بەرەنگاری داعش ببێتەوە، بەڵام نابێت هێرش بکاتە سەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا و یارمەتی ئەسەد بدات لە درێژەدان بە زوڵم و زۆردارییەکەی لە دژی گەلەکەی. چونکە ئەم کارەی دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی مەزهەبی و دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر تیرۆریستی بیانی".