Heman Hussein Yaseen
17 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ئەیلوول ٢٠١٩ بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد پڕۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا كە وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و سەرجەم بەڕێوەبەرەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر ئامادەیبوون تیایدا، فەرسەت سۆفی لە شوێنی نەوزاد ھادی وەک پارێزگاری نوێی ھەولێر دەستبەکاربوو.
وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند کە لە پێناو گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە و کارکردن و گۆڕینی میکانیزمەكانی کارکردن، پۆستی پارێزگار ئاڵوگۆڕکراوە و خزمەتكردنی بەرچاوی نەوزاد ھادی-یش وەک پارێزگاری پێشووش بە ھەند وەرگیراوە.
پارێزگاری پێشووی هەولێر، نەوزاد هادی پشتیوانی خۆی بۆ پارێزگاری نوێ، فەرسەت سۆفی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو وەک کارمەندێک پۆستەکەی پێشووی بەڕێوەبردووە و ئامادەیە بۆ هەر بەرپرسیاریەتییەک کە رایبسپێرن.
پارێزگاری نوێی هەولێر، فەرسەت سۆفی رۆڵی پارێزگاری پێشووی بەرزنرخاند و رایگەیاند کە تەواوکەری کارەکانی پێشووی دەبێت و ئاماژەی بەوەیشکرد کە ستافی پارێزگاری هەولێر لەماوەی رابردوودا گرنگی خۆی ھەبووە لە گەشەپێدانی ھەولێر و لەمەودواش بەیەکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی ھەولێر زیاتر گەشە بکات.
فەرسەت سۆفی دووپاتیشیکردەوە کە کار بۆ دڵسۆزی، راستگۆیی، دەستپاکی و بێلایەنی دەکەن و ئاشکرایشی کرد کە لەماوەی داهاتوودا، بەرنامەی کارەکانیان لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەخەنەڕوو.
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا لەبەرامبەر ئەرک و ماندووبوونی، بڕوانامەی سوپاس و پێزانین بە نەوزاد هادی بەخشرا.