Heman Hussein Yaseen
17 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2019
AA - هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی کوردستان لەسەر چەند تەوەرێک کۆبووەوە کە بریتیی بوون لە گفتوگۆکردن لەسەر هەموارکردنەوەی ١٧ ماددە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و پڕۆژەپێشنیازێک سەبارەت بە پرسی بەهەدەردانی نەوت، پەرلەمانتارێکیش پێی وایە کە پڕۆژەی گرنگتر هەبووە کە پێویست بووە گفتوگۆی لەسەر بکرابوویە و دەنگی پێویستی لەسەر بدرابوایە.
لەوبارەوە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، سەرچنار ئەحمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ژمارە یەکی ئەم وەرزەی یاسادانان بوو، خوێندنەوەی یەکەم بۆ کۆمەڵێک لە پێشنیازەیاسا کرا و هەروەها خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کرا و داوای بەرکارکردنی هەندێک یاسا عێراقییەکانیش کرا، بە شێوەیەکی گشتی کۆبوونەوەکە باش بوو، بەڵام دەکرا باشتر بوایە چونکە پڕۆژەیاسای گرنگتر هەبوو، بۆ نموونە پڕۆژەیاسای چاکسازی کە ٢٥٠ هەزار لە فرەمووچەیی و بندیوار چارەسەر دەکات و نزیکەی ١٠٠ ملیار دیناریش دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەتی هەرێم".
سەرچنار ئەحمەد لەبارەی نەناردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە لایەن حکوومەتەوە و بۆ پەرلەمانی کوردستان گوتی: "بەبیانووی ئەوەی ئەو فراکسیۆنانەی پێشنیازی پڕۆژەیاسای چاکسازییان هەبووە و بەنووسراو ئاراستەی حکوومەت کراوە و حکوومەتیش نەیتوانیووە بیکاتە پڕۆژەیەک و ئاراستەی پەرلەمانی بکات".
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، سەرچنار ئەحمەد لەبارەی هەموارکردنەوەی بەشێک لە ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "هەندێک ماددەی پەیڕەوی ناوخۆ داواکراوە بگۆڕدرێت بۆ نموونە پێشووتر هەر پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنەکەی بچووبوایە دەرەوە و مافی پەرلەمانتاری لێ دەسەندرایەوە و ئێستا ئەم ئازادییە زیاتر دراوە بە پەرلەمانتار و بەپێی هەموارە نوێیەکە، پەرلەمانتار دەتوانێت لە پەرلەمان بمێنێتەوە".