Heman Hussein Yaseen Yaseen
16 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2019
هەولێر - AA
بەرەی تورکمانی وەک لایەنێکی ناو پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ دەستپێکردنی هەنگاوە کردییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت لەسەر ئاستی وەزارەتدا بەشداری ئەم کابینەیە بکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف رایگەیاند کە لەگەڵ ئەوەدان کابینەی نوێ لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پێکبهێنردرێت، هەروەها داواش دەکەن بەرەی تورکمانی پۆستێکی باڵای لە حکوومەتدا پێ بدرێت.
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک پێکهاتەی تورکمان، لەگەڵ ئەوەداین کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پێکبێت، پێکهاتەی تورکمان لە رابردووشدا هەڵوێستی ئەرێنی هەبووە بەتایبەت بەرەی تورکمانی و بڕیاریشمان داوە بەشداربین لە کابینەی نوێ بە وەرگرتنی پۆستی سیادیی لە ئەنجوومەنی وەزیران یان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف لەبارەی گفتوگۆکانی بەرەی تورکمانی لەگەڵ براوەی هەڵبژاردن سەبارەت بە بەشداریکردن لە کابینەی نوێ و پێدانی پۆست گوتی: "تاکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی باسی ئەم بابەتەمان نەکردووە، بەڵام بەشداری پێکهاتەکان گرنگە بۆ حکوومەتی هەرێم و دیارە لە یەکەم هەنگاودا سەردانی لایەنەکان بکات و لەم چوارچێوەیەشدا پێشبینی دەکەین دواتر سەردانی پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی بکرێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە راگرتنی هاوسەنگی سیاسیی لە هەولێر و بەغداش گرنگە و لەمبارەیەوە گوتی: "راگرتنی هاوسەنگی سیاسیی گرنگە نەک تەنها لە هەولێر بەڵکو لە بەغداش، ئێمە تا ئێستا داواکارییەکانمان دیارە و لەسەر ئەو بنەمایەش کار دەکەین و هیوادارین رێز لە داواکارییەکانمان بگیرێت و مافی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیرێت".
سەبارەت بە پێدانی پۆستی سکرتێری پەرلەمان و کاریگەرییەکانی لەسەر پێدانی پۆستی دیکە لە حکوومەتی هەرێمدا، ئایدن مەعروف گوتی: "لەو باوەڕدا نیم پۆستی سکرتێری پەرلەمان کاریگەری هەبێت و پێویستە لە دەرەوەی پەرلەمانیش پێکهاتەکان بوونیان هەبێت، پۆستی سکرتێری پەرلەمان لەسەر داواکاری لایەنی پارتی بووە و داواکاری ئێمە نەبووە".
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت "لەئێستادا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنەکان باشە و چاوەڕوانی هاتنی شاندی پارتی دەکەین و پێشبینی دەکەین دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی، سەردانی ئێمەش بکەن".
ئەمڕۆ یەکشەممە، راسپێدراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وەک یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و بڕیاریشە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا سەردانی شاری سلێمانی بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەمان مەبەست.