وەزیری دەرەوەی ئایسلەند گوننار سڤەینسۆن گوتی: "حکوومەتی ئایسلەند لە کاتی سەردانی سەرۆکی کاتی یەکێتیی ئەورووپا، وەزیری دەرەوەی لیتڤانیا ئەدگارس رینکەویجس نامەیەکی ئاراستەی ناوبراو کردووە و بەو جۆرە دەستبەرداربوونی خۆی لە ئەندامبوونی یەکێتیی ئەورووپا بەفەرمی راگەیاندووە".
بەپێی راگەیەنراوێکی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئایسلەند، حکوومەتی ئایسلەند چی دیکە وەکو بەرئەندامێکی یەکێتیی ئەورووپا نابینێت و داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکرێت کە لەمە بەدواوە بەگوێرەی ئەو بڕیارە لە بەرامبەر ئایسلەند ھەڵسوکەوت بکات و ھەموو بڕیارەکانی حکوومەتی پێشووی ئایسلەند بۆ ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەورووپا لەمە بەدواوە جێبەجێ ناکرێن.
ئایسلەند رۆژی ١٦ی تەمووزی ساڵی ٢٠٠٩ داوای ئەندامبوونی ئاراستەی یەکێتیی ئەورووپا کردبوو و ھەرچەند دوای یەک ساڵ دانوستانەکانی ئەندامبوون دەستی پێ کرد بەڵام ساڵی ٢٠١٣ لە ئایسلەند ھەڵبژاردن کرا و لەو ھەڵبژاردنەدا پارتێکی راستڕەو کە لە دژی یەکێتیی ئەورووپا بوو (پارتی سەربەخۆیی)، ئەو پارتە بە ھاوپەیمانی لەگەڵ پارتی گەشەپێدان، حکوومەتی ھاوبەشیان پێکھێنا و دوای دامەزراندنی ئەو حکوومەتە سیاسەتی ئایسلەند بەرامبەر بە یەکێتیی ئەورووپا گۆڕا و ١٣ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٣ پڕۆسەی دانوستانەکانی ئەندامبوون راگیرا.