واشنتۆن
باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی " ڤلادیمێر پۆتین بەتەواوی پارێزگاری لەبەشار ئەسەد دەکات و لەبارەی سوریاوە ئەمریکاو روسیا بۆچوونی تەواو جیاوازیان لەگەڵ یەکتر ھەیە".
ئۆباما لەو بارەیەوە زیاتر قسەی کرد " راستە لەبارەی سوریاوە لەگەڵ روسیا جیاواز بیردەکەینەوە، بەڵام ھەردوو لامان کۆکین لەسەر ئەوەی چۆن ڕێگری لە تیرۆر بکەین. من بەپۆتنیم گوتووە ھەتا بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات بێ شەڕو پێکادان لەو وڵاتە ھەر بەردەوام دەبێ، ئەمریکا خوازیاری بەکارھێنانی چەک نییە لە دژی سوریا، ھەموو نیگەرانی ئێمە لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیاییە، لەبارەی ئێرانیشەوە ھەمان بۆچوونمان ھەیەو کۆشش دەکەین بەڕێی دیپلۆماسی چارەسەری پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بکەین".
ئۆباما ھۆشداریی دایە ئێران و رایگەیاند: خواستی ئەمریکا بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئێران ناکرێ بیرێکی وا لای کاربەدەستانی ئێران دروستکا کە ئەمریکا ھێزبەکارناھێنێ لەدژی بەرنامەی ئەتۆمیەکەی، ئەوەی ئێران زۆر گەورەترە لەچاو چەکی کیمیایی سوریا..
ئۆباما ئاشکرا ی کرد کە تا ئێستا چەندین جار لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری نوێی ئێراندا نامەیان گۆڕیوەتەوە بەڵام ڕاستەوخۆ پەیوەندیی تەلەفۆنییان نەبووە.