واشنتۆن
لە روونکردنەوەیەکی کۆشکی سپیدا ھاتووە، ستافی باراک ئۆباما لەگەڵ ھەریەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سیناتۆران، بەرپرسانی بەڕێوەبردنی باڵا، سەرکردەکانی کۆنگرێس، سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی کۆبوونەوە.
بەپێی روونکردنەوەکە ئامانجی کۆبوونەوەکە، ئاشنابوونە بە بیروبۆچوونی ئەو لایەنانە لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سوریا لە دیمەشق لە رۆژی ٢١/٨/٢٠١٣.
کۆبوونەوەکە باسی لە پڕۆسەی وەشاندنی گورزی سەربازی لە سوریا کرد:" سەرۆک ئۆباما بۆچوونی کۆنگرێس بۆ پڕۆسەی بڕیاردان بە گرنگ دەزانێ. پەیوەست بەھەر بڕیارێکی لەبارەی پێشێڵکردنی نۆرمی نێونەتەوەیی بۆ بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لە سوریا، سەرۆک ئۆباما بەردەوام راوێژ لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس دەکات".
کۆبوونەوەکە لەگەڵ ھەریەک لە سوزان رایس بەرپرسی باڵای بەڕێوەبردن و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، جۆن کێری وەزیری دەرەوە، چاک ھەگێڵ وەزیری بەرگی و جێمس کلاپێر رێکخەری ھەواڵگری نەتەوەیی ماوەی ٩٠ خولەکی خایاند.
--