قاهیره
لە نامەیەكیدا بۆ سەركۆماری میسر عەبدلفەتاح سیسی، سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما، باسی لە گرنگی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كرد لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی كە رووبەڕووی بەرژەوەندییەكانی هاوبەشی هەردوو وڵات دەبنەوە.
لەو بارەیەوە، گوتەبێژی سەرۆكایەتی میسر عەلا یوسف، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما، بە وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیدا جۆن كێری، نامەیەكی بۆ سەركۆمار عەبدلفەتاح سیسی ناردوو و، تیایدا جەختی لەسەر گرنگی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و میسر كردۆتەوە بەرامبەر بەو هەڕەشانەی كە رووبەڕووی بەرژەوەندیەكانی هەردوو وڵات دەبنەوە".
ئۆباما، لە نامەكەیدا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشانداوە بۆ هاریكاری كردن لە دەستەبەركردنی سەقامگیری لە میسر و ناوچەكە و دەڵێت: "ئومێدەوارم دیالۆگی ستراتیجی ئەمریكا - میسر هاوكار بێت لە قوڵبوونەوەی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات لە تەواوی بوارەكاندا و ئەو گەشەپێدانە گشتگیرەی كە میسر تامەزرۆیەتی".
لای خۆیەوە، سەركۆماری میسر عەبدلفەتاح سیسی بە سوپاسەوە پێشوازی لە نامەكەی سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی ستراتیجیە لەگەڵ ئەمریكا لەسەر رۆشنایی بەرژەوەندیەكانی هاوبەش.