بەغدا
وەزیری نێوخۆی عێراق مەمحەد غەبان رایگەیاند، وەزارەتەكەی پێداگیری دەكات فەوجێك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەینەوا وەك ئامادەكاری بۆ گرتنەوەی شاری مووسڵ پێكبهێنێت و پەرلەمانتارێكیش ئاماژە بەوەدەكات، هەندێك كێشە و گرفت لە ناوەندەکانی مەشق كە لە شاری بەغدا بۆ هێزەكانی پۆلیسی نەینەوا دابینكراون هەیە.
لە بەیاننامەیەكدا كە دانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو وەریگرتووە وەزارەتی نێوخۆ رایگەیاندووە، وەزیری نێوخۆ لە میانی بەسەركردنەوەی ناوەندی مەشق و راهێنانەكانی تایبەتی هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا، دووپاتیكردووەتەوە، ورە لای هێزەكان زۆر بەرزە بۆ یەكلایی كردنەوەی شەڕی دژی چەكدارانی داعش و سەركەوتن و گرتنەوەی مووسڵ لە داعش دەستپێكی راستەقینەی بەدی هێنانی سەركەوتن دەبێت.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، وەزارەتی نێوخۆ بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگانەی هێزەكانی پۆلیسی نەینەوا بەردەوامە و وەزارەتی نێوخۆش كار بۆ پێكهێنانی هێزێكی پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی نەینەوا دەكات وەك ئامادەكاری بۆ گرتنەوەی شاری مووسڵ.
لای خۆشیەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئینتیسار عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرایكرد، كە لە ناوەندی مەشق و راهێنانەكانی هێزەكانی پۆلیسی نەینەوا كە لە شاری بەغدا كراوەتەوە، لە رووی لۆجستییەوە تەواو نییە و كەموكوڕی هەیە.
عەلی ئاماژەی بەوەشدا، هەر كەم تەرخەمیەكیش لە مەشق و راهێنانی هێزەكانی پۆلیس لە بنكە تازەكەیان لە شاری بەغدا، پڕۆسەی گرتنەوەی مووسڵ دوا دەخات و هێز و شوێنی چەكدارانی داعش پتەوتر دەكات.
لە ماوەكانی رابردوو، وەزارەتی نێوخۆی عێراق بنكەی مەشق و راهێنانی هێزەكانی پۆلیسی نەینەوا لە ناوچەی دوو بەردان لە نزیك بەعشیقە لە رۆژهەڵاتی مووسڵ بۆ شاری بەغدا گواستەوە.