Mohammed Baqi Hussein
19 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2015
واشنتۆن
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما دوای ئەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، فەرمانی بە وەزارەتەكانی دەرەوە، دارایی، بازرگانی و وزە كرد دەست بە ئەركەكانیان بكەن بۆ بەهەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر ئێران.
دوای تێپەڕ بوونی 90 رۆژ بەسەر پەسەندكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و وڵاتانی 5+1 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، رێككەوتنەكە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
باراك ئۆباماش فەرمانی بە وەزارەتەكانی دەرەوە، دارایی، بازرگانی و وزە كرد، لەبارەی رێككەوتنەكەوە هەستن بە جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی دەكەونە سەر ئەستۆی ئەمریكا.
ئۆباما لە روونكردنەوەیەكی نووسراودا لەوبارەوە نووسیویەتی، "بۆ سەرجەم وەزارەت و ئاژانسەكانی پەیوەندیدار، لە پلانی چالاكی هاوبەشی بەرفراوان (JCPOA) دا، فەرمانم داوە بە جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانی ئەمریكا لەچوارچێوەی یاساكانیدا. وەك لە (JCPOA) دا وردەكارییەكانی خراوەتە روو، هەڵگرتنی گەمارۆكانی ئەتۆمییش لەخۆدەگرێت دوای ئەوەی ئێران تەواوی هەنگاوەكانی لەبارەی چالاكییەكانی ئەتۆمی تەواو بكات و لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (UAEA)ەوە واژۆ بكرێت. لەنزیكەوە چاودێری بەڵێنەكانی ئێران دەكەین. بۆ دڵنیابوون لەوەی كە ئێران یەك بەیەكی بەڵێنەكانی بەتەواوی جێبەجێدەكات، لەگەڵ (UAEA) و (JCPOA)دا كاردەكەین".
-ئەركەكانی ئێران لەبارەی رێككەوتنەكەوە
رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كە ئێران و وڵاتانی 5+1 لە 14ی تەمووزی رابردوودا پێیگەیشتن، ئامانجی رێگریكردنە لەوەی كە ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی. لەبەرانبەر سنوورداركردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێراندا گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێن.
ئەو ئەركانەی دەكەونە ئەستۆی ئێران لەرێككەوتنەكەدا بریتین لە سنوورداركردنی چالاكییەكانی ئەتۆمی و كەمكردنەوەی ژمارەی سەنتەرفیوجەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم.
بەوپێیە ئێران بۆ ماوەی 15 ساڵ پێداویستییەكانی ئەتۆمی تەنها لە دامەزراوەی ئەتۆمی ناتانز دەستبەردەكات و بەرزترین رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نابێت لە 3،67 لەسەدا تێپەڕێت. هەروەها دەبێت پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنكەی ئەتۆمی فۆردۆ رابگرێت.