Hemn Baban
16 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2016
هەولێر
وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری دەڵێت حكوومەتی عێراق هێشتا پابەندە بەو رێككەوتننامە 20 خاڵییەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەتی.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بۆ چەند دەزگایەكی راگەیاندن ئەمڕۆ چوارشەممە باسی لەوە كرد كە عێراق كێشە و قەیرانەكان تێدەپەڕێنێت و ئەوەش بە هەماهەنگیی هەمووان دەبێت.
جەعفەری لە پەڕاوێزی بەشداریكردنی لە چوارمین دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی لەو شارە كە ئەمڕۆ چوارشەممە دەستی پێ كرد بۆ چەند دەزگایەكی راگەیاندن لە نێویاندا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "عێراق هیچ هەوڵێكی بەفیڕۆ نەداوە بۆ ئەوەی كێشە و قەیرانەكانی تێپەڕێنێت، لەخودا بەزیاد بێت سەرباری زۆریی كێشەكان ئەوەتا دەیەوێت بە هەماهەنگی هەمووان ئەو كێشانە تێپەڕێنێت، جا كێشەكان چ ئابووری یان سیاسی یان ئەمنی بن، بارودۆخی ئەمنی ئێستا بەرەو باشتر دەچێت سەرباری هەندێك هەوڵەكانی ئەمدواییە بۆ شێواندنی".
جەعفەری لە درێژەدا ئەوەشی گوت: "دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیران هەندێك مەسەلەی خستەڕوو و باسی لە ئەگەری هەمواركردن و گۆڕانكاریی لە ئەنجوومەنی وەزیران كرد و وەزیرە بەڕێزەكانیش ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ قبووڵكردنی بە سینگی فراوان".
لەبارەی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستانیشەوە وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "كێشەكانی پێشتر قورس بوون لەوانەی ئێستا و تێمانپەڕاندن، ئەو 20 بڕگەیەی لە نێوان هەردوولا هەیە ئێمە لەسەری دەچین و هەموو هەوڵەكان دەدەین بۆ ئەوەی ئەو مەسەلەیە سەربگرێت".
سەبارەت بە كشانەوەی رووسیا لە سووریا وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆلوی دایەوە و گوتی: "رووسیا پلانی خۆی رانەگەیاندووە كە دەیەوێت چەند بمێنێتەوە بەڵام دیار بوو رووسیا زۆر نامێنێتەوە، ئەو پلانێكی هەبوو كە جێبەجێی بكات و دواتر دەربچێت لە سووریا ، ئەوەی هەبوو لە ماوەیەكی كاتیی و بەپێی پلانەكانی بەجێی گەیاند، ئەو گۆڕانكارییە لە هاوسەنگیی هێزەكانی نێو گۆڕەپانەکە بەدی هاتووە و ئەوی دی ئێمە نایسەپێنین بمێنین یان بڕۆن بەڵام بەگشتیی ئەو بوونی رووسیا لە سووریا خزمەتی زۆری پێشكەش كرد".