ئەنقەرە - AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بانگەوازیکرد لەجیھان کە پەلە بکەن لەدوایی ھێنان بەقەیرانی سوریاو گوتی دوو ساڵ و نیوە شەڕێکی ماڵوێرانکەر بەرۆکی سوریاییەکانی گرتووەو پێویستە جیھان لەسەر خەڵکی سوریا وەدەنگبێن.
ئەردۆغان گوتی " ھیوادرام ھێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆسەر رژێمی بەشار ئەسەد سنووردار نەبێ و ئەنجامێکی بەرچاوی ھەبێ، ناخوازین بارودۆخی ئەو وڵاتە سەختتر بێ بەڵام ئیتر دەبێ دوایی بھێنرێ بەدوو سال و نیو شەڕی ناوخۆ کە تێیدا نزیکەی ١٠٠ ھەزار کەس کوژراون ودوو ملیۆنی دیکە دەربەدەر بوون".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا جەختیکردەوە، رژێمی بەشار ئەسەد مانگی رابردوو چەکی کیمیایی بەکارھێناوەو پێویستە جیھان لەسەر ئەو کارەساتە وەدەنگ بێن، لەوبارەیەوە رەخنەی گرت لەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و گوتی " تا ئێستا ھەنگاوێکی رژی نەناوە، نەتەوە یەکگرتووەکان باسی کوشتنی ١٠٠ ھەزار کەس ناکات لەسوریا، لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی زۆر خاوو خلیچکە، بێدەنگبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناڕاستەخۆ خەڵاتکردنی بەشار ئەسەدە لەپای ھێرشکردنە سەر میللەتی خۆی. دەبێ ئەوان بە پەلە وەخۆ کەون بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆردارییانەی ئەسەد".
ئەردۆغان ھەروەھا لەبارەی پێنج وڵاتە ھەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش (ئەمریکا، روسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا) بەڕاشکاوانە گوتی " خۆ جیھان لەو پێنج وڵاتە پێکنایەت، جیھان لەمان گەورەترە. ئەم پێنج وڵاتە تا ئێستا نەیانتوانیوە بریارێکی چارەنووسساز لە بارەی رژیمی سوریاوە بدەن".