واشنتۆن
لە رۆژانی دواییدا بەرپرسە ئەمریكییەكان لێدوانەكانیان توندتر كردووە بەرامبەر بە رێكخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق شام ناسراو بە داعش و ئاماژە بەوە دەدەن كە سنووری رووبەڕووبوونەوەكە گەورەتر دەبێت. لێدوانێكی توندیش ئەمڕۆ لە لایەن جێگری راوێژكاری پاراستنی نەتەوەیی كۆشكی سپی، بین رۆدیس، هات.
رۆدیس لەو شوێنەی كە باراك ئۆباما پشووی بەسەر برد كۆبوونەوەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێكدا كە گوتی: "ئایا بیرتان لە پەرەسەندنی زیاتری هێرشی ئاسمانییەكان بۆ سەر موڵگەكانی داعش كردەوە"، لە وەڵامدا گوتی: "سەبارەت بە هەڕەشەكان رێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر و خۆمان لە چەند شوێنێك سنووردار ناكەین. راستەوخۆ بەرەنگاری هەر هەڕەشەیەك دەبینەوە كە لێمان دەكرێت."
ئاماژەی بەوە شدا كە بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر بە داعش پێویستە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا بگرێتەوە. رۆدیس ئەوەی خستە روو كە تاوەكو ئێستا بژاردەی هێرشی سەربازی بۆ مێزی باراك ئۆباما نەچووە و گوتی: "راوێژ لە بارەی پاراستنی ئەمریكییەكان بۆ ماوەیەكی درێژ خایەن دەكەین. "
ناوبراو باسی لە سەربڕینی رۆژنامەنووسی ئەمریكی جێمس فۆلی كرد و گوتی: "كەسێك بەم شێوە ترسناكە مرۆڤێك بكوژێت، ئەوا هێرشێكی تیرۆریستییە. ئەم رووداوە هێرشێكی تیرۆریستییە بەرامبەر بە هاوڵاتییە ئەمریكیەكان. "
جێی باسە رۆژی رابردوو وەزیری بەرگری ئەمریكا، جاك هاگل ئاماژەی بەوە كرد كە "هەڕەشەكانی داعش زۆر لەوە زیاترە كە ئێمە دەیبینین." جەختی لەوەش كردەوە كە "لە بژاردەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا دەكۆڵنەوە."
هەروەها فەرماندەی سوپاسالاری ئەمریكا، مارتن دێمپسی، ئەوەی خستە روو گەر لە سوریا هێرش نەكرێتە سەر شوێنە گشتییەكان، ئەوا ناتونرێ شكست بە داعش بهێنرێت.