واشنتۆن
كاربهدهستێكی كۆشكی سپی ئهمهریكا لهبارهی سهردانی جێگری سەرۆکی ئهمریكا جۆ بایدن بۆ توركیا و دیدار و كۆبوونهوهكانی لهگهڵ بهرپرسانی باڵای ئهو وڵاته چهند زانیارییهكی بڵاو كردهوه.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا لە دیدارەکاندا پێشکەوتن ھەبووە یان نا، ئەو کاربەدەستەی کۆشکی سپی گوتی: "ئەردۆغان و بایدن هیچ رێککەوتنێکیان ئیمزا نەکردووە، بەڵام لەمەودوا بۆمان روونە کە چی بکەین، چەند پرس ھەبوون کە بەبێ چارەسەر بوون و ھەردوولا رۆژانی داھاتوو زیاتر لەو بارەوە ھەوڵ دەدەن".
ئەو کاربەدەستە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "لە بارەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سوریا و کۆکردنەوەی گروپە چەکدارییە توندڕەوەکان لە لایەن رژێمی سوریاوه، ھەردوولا ھاوڕا بوون. لە بارەی جیاوازی بیروڕای تورکیا و ئەمریکا بەرامبەر بە داعش و رژێمی سوریا شتی زۆر جیاواز گوتران و نووسران، لەو دیدارانەدا زیاتر لەوەی باس لە ناکۆکییەکانی نێوانمان لەو بارەوە بکرێت، باس لە چۆنییهتی پەرەپێدانی ھاوکاری نێوانمان کراوە و ھەردوولا لەو چوارچێوەیەدا لەسەر شکستپێهێنانی داعش ھاواڕان، چونکە داعش تەنیا ههڕهشه نییه بۆ سەر ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، نییە بەڵکو ھەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا و سنورەکانی و تورکیایش زۆر بە جدی سەیری ئەو ھەڕەشەیە دەکات. بۆ رووبهروو بوونهوهی ئهو ھەڕەشانە حکومەتی تورکیا لەگەڵ ئەمریکادا كار دەکات و حاڵی حازر ئەنقەرە بەدوای رێگایهكدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت ھەماھەنگی و ھاوکارییەکانی خۆی زیاتر بکات".
ئەو کاربەدەستەی كۆشكی سپی له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "لە شەڕی دژی داعش ئەگەر تەنیا پشت بە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ببەستین، ئەوا داعش لاواز نابێ بەڵکو پێویستە وەکو چۆن لە عێراق شان بەشانی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان ئۆپەراسیۆنی زەمینیش لە دژی داعش ئەنجام دەدرا، ئەوا لە سوریاش ھەر بەو جۆرە پێویستە شانبەشانی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان ئۆپەراسیۆنی زەمینیش ئەنجام بدرێت و لەو چوارچێوەیەدا ئەنقەرە و واشنتۆن لەسەر ئەوە ھاوڕان ئەو ھێزەی بتوانێت لە سوریا شەڕ دژی داعش بکات، هێزی رژێمی سوریا نییه بهڵكو سوپای ئازادی سوریا تاقە ھێزی متمانە پێکراوە کە دەتوانێ لە رووی زەمینییەوە شەڕ لهگهڵ تیرۆریستانی داعش بکات، بۆیە پێویستە بەپەلە راھێنان به سوپای ئازاد بکرێت و ھەر جۆرە ھاوکارییەکی پێشکەش بکرێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەو خاڵانە چین کە ھێشتا تورکیا و ئەمریکا لەسەریان نەگەیشتوونە رێککەوتن، ئەو کاربەدەستە گوتی: "لە شەڕی دژی داعش و پرسی سوریادا چەندین بابەت ھەن کە پێویستییان بە ھاوکاری و ھەماھەنگی سەربازی ھەیە، پێویستە ئەو پرسانە روون بکرێنەوە و بێگۆمان ئەمەیش بە مانانی ھەبوونی ناکۆکی نییە".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا بۆ بەکار ھێنانی ناوەندی سەربازی ئینجهرلیک ھێشتا ئەمریکا و تورکیا گفتوگۆ دەکەن یا نا؟ گوتی: "بۆ چۆنییهتی رووبهروو بوونهوهی داعش لە سوریا و عێراق، ھێشتا دانوستان لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و تورکیادا بەردەوامە و تا ئەو کاتەی ئەو شەڕ بەردەوام بێت، داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ کردنەوەی دەرگای ناوەندە سەربازییەکانی تورکیا بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەردەوام دەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا وردە وردە تورکەکان پێش ئەوەی دەرگای ئەو ناوەندانە بکەنەوە، دەیانەوێت سەرەتا لەو بارەوە لەگەڵ ئەمریکا ھاوڕا بن. دەمەوێ بڵێم لەو بارەوە پێشکەوتنی بەرچاو ھەیە و ئەگەر بێتۆ ھەردوولا رێک بکەون، ئەوا ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەتوانن ناوەندە سەربازییەکانی تورکیا بەکار بھێنن".