Abdullah Shukur,Sangar Hamad Azeez
30 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
ئیدارەی ئەمریکا پێشوازی لە بڕیاری رازینەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی بۆ درێژکردنی ویلایەتەکەی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ دامەزراوەکانی دیکە کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ھیزەر ناوێرت لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە:
"ئیدارەی ئەمریکا پێشوازی لە بڕیاری رازینەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتەکەی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ دامەزراوەکانی دیکە دەکات".
ناوێرت راشیگەیاند "ئەمریکا چاوەڕێ دەکات بە زووترین کات سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکەنەوە. ھەرێمێکی بەھێزی وەک کوردستان و عێراقێکی فیدڕاڵی یەکگرتوو، پێویستە بۆ سەقامگیری عێراق و شکستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش".
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتەکە، بانگەوازی بۆ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە دابنیشن و بە گفتوگۆ چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.
ناوێرت جەختی لەوە کردەوە کە هەنگاوی گرنگ نراوە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و بەرپرسانی هەرێم و گوتیشی: " داوا لە هەردوو لایەن دەکەم واز لە شەڕ بهێنن و لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی دوای ئەوەی لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ کۆتایی بە وادەی سەرۆکایەتی دەهات، ناوبراو رازی نەبوو لە پاڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ویلایەتەکەی درێژ بکرێتەوە و بەم هۆیەوەش لە ٢٩ی ئەم مانگە دەستی لە کار کێشایەوە.