سياسەت

ئەنجوومەنی باڵای خانمان هۆشداری دەدات

- ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، پەخشان زەنگەنە: "ناوزڕاندن بەرامبەر هەر کاندیدێکی ژن بکرێت ئێمە بەرگری لێ دەکەین و لە رووی یاساییەوە دەبینە سکاڵاکار".

Hemin Hüseyin  | 15.04.2018 - نوێکردنەوە : 16.04.2018
ئەنجوومەنی باڵای خانمان هۆشداری دەدات

Arbil

هەولێر-AA

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە هەر ناوزڕاندنێک بەرامبەر بە کاندیدە ژنەکان بکرێت ئەوا ئەوان وەکو ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان هەڵوێستیان دەبێت و بە هاوکاری کۆمسیۆنی باڵا و ئەنجوومەنی دادوەری، رێککارە یاساییەکان دەگرنەبەر.

ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، پەخشان زەنگەنە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دەمانەوێت ئەم هەڵبژاردنەی ئەمجارە بە شێوەیەکی شارستانییانە و دوور لەهەر ناوزڕاندن و پێشێلکارییەک بەڕێوەبچێت و بەرەو هەڵبژاردنێکی پاک هەنگاوبنێین بۆ ئەوەی نوێنەرەکانمان رۆڵێکی باش بگێڕن".

پەخشان زەنگەنە گوتیشی: "بەداخەوە لە هەڵمەتەکانی پێشووی هەڵبژاردنەکاندا هەندێک ناوزڕاندن بە کاندیدە ژنەکان دەکرا و ئەمەش ناچێتە هیچ چوارچێوەیەکی مەدەنی و ئینسانی و، ئەو ناوزڕاندنە کۆمەڵایەتییە کاریگەری خراپی دەبێت و هیوادارین راگەیاندەکان ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی رێگا نەدرێت ئەو جۆرە ناوزڕاندنانە بکرێت".

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەمنیداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، گوتیشی: "ناوزڕاندن بەرامبەر هەر کاندیدێکی ژن بکرێت ئێمە بەرگری لێ دەکەین و، لە رووی یاساییەوە دەبینە سکاڵاکار، هیوادارین هەموو دەزگاکانی راگەیاند هاوکارمان بن و کۆمسیۆنیش رێنمایی هەیە بۆ ئەم بابەتە، بۆیە داوا دەکەین هەر کاندیدێک ناوزڕاندنی بەرامبەر کرابێت ئاگادارمان بکاتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری بتوانین ببینە پارێزەرێک بۆی".

لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا چەند جارێک لە رێگای فیلمی مۆنتاژکراو وێنەی هەندێک کاندیدی ژن دەستکاری دەکرا و ئەمەش کاریگەری لەسەر رەوتی هەڵبژاردنەکان دروست کرد. بۆ رێگەگرتن لەم حاڵەتە، ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵا و ئەنجوومەنی دادوەری چەند رێککارێکیان گرتووەتەبەر و هۆشداری لەم بارەیەوە دەدەن.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın