Hemn Baban
28 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2018
ھەولێر - AA
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی بڕ و رێژەی پاشەکەوتی مووچە دەدات.
بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرانی پەیوەندیدار بە دۆخی دارایی و کارگێڕییەوە لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی، قوباد تاڵەبانی کۆببنەوە و دواتریش تەوەرەکانی ئەو کۆبوونەوەیە ببرێتە ناو کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران کە ھەر دوای ئەو کۆبوونەوەیە دەبەسترێت.
کۆبوونەوەی یەکەمی بارزانی و تاڵەبانی لەگەڵ ھەریەک لە وەزیرانی دارایی، سامانە سروشتییەکان، پلاندانان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئابووری و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون دەبێت و بە پێی زانیارییەکان حکوومەتی ھەرێم نیازی ھەیە رێژەی پاشەکەوتی مووچە لە ١٠ تا ٣٠ لەسەد لە کۆی مووچەی گشتی کەمبکاتەوە، واتە پاشەکەوت لە مووچە و لێبڕینی کەم دەکرێتەوە و ئەوانەشی کە بڕی مووچەکانییان لە ٣٠٠ ھەزار دینار و کەمترە ھیچ بڕێک لە مووچەکانییان پاشەکەوت نەکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم لەکاتێکدایە سێ رۆژە خۆپیشاندانەکان لەھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێم لە لایەن مووچەخۆرانەوە دەستی پێکردووەتەوە کە تیایدا ھەڵگرتنی پاشەکەوت لەسەر مووچە داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەرانە.
بە ھۆی خۆپیشاندانەکانەوە لەچەند ناوچەیەک گرژیی کەوتەوە و خۆپیشاندەران باس لە درێژەدان بە خۆپیشاندانەکان دەدەن تا مووچەی تەواوییان پێ دەدرێت.
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بە ھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ھەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قووڵی دارایی دایە بە شێوەیەک لە ئێستادا توانای پێدانی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانیشی نییە.
بەڵام لەم مانگەدا بۆ جاری یەکەم لەدوای شوباتی ٢٠١٤ەوە حکوومەتی بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی نارد کە بڕی ٣١٧ ملیار دینار بوو، بە پێی حکوومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیە لەگەڵ داھاتی نەوت و ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لە رێگەیەوە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بەتەواوەتی بدات.