هاتای
محەمەد باغراش كە لە میوانخانەی بۆینویۆغونی شارۆچكەی ئاڵتنئۆزوی پارێزگای هاتای دەمێنێتەوە و تەمەنی ٣١ ساڵە ئاماژەی بەوەكرد دوو ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی دێرازۆر لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەكانی رژێم قاچی راستی لەدەستداوە.
باغراش باسی لەوەكرد لەو رۆژانەی كە شەڕی نێوخۆی سووریا دەستی پێكرد ئەو و گەنجانی دیكەی گەڕەكەكەیان كۆبوونەوە و بۆ ئازادی و داهاتووی سووریا چوونە نێو ریزەكانی سوپای ئازادی سووریا و گوتی: "لە دژی رژێمی ئەسەد جەنگام كە چەكی لەبەرامبەر گەل و خێزانەكەمدا بەكارهێنا. هێزەكانی رژێم بەردەوام ئەو شوێنانەی لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردوومان دەكرد كە لێی دەژیاین. دوو ساڵ لەمەوبەر لە یەكێك لەو بۆردومانانەدا كە لەئاسمانەوە كرا بەهۆی ئەوی بۆمبەكە كەوتە ئەو جێگەیەی منی لێبووم، برینداربووم. ئەو كاتە بوورابوومەوە. دوای ئەوەی هاتمەوە سەرخۆم بینیم قاچی راستم لە خوێندایە. هاوڕێكانم منیان بردبوویە شوێنێك كە لەژێر زەویدا درووست كرابوو تایبەت بوو بە فریاگوزاریی سەرەتایی. لەوێ دكتۆرەكان ناچاربوون قاچی راستم ببڕنەوە''.
باغراش ئاماژەی بەوەكرد دوای مانەوەم بۆ ماوەی ١٥رۆژ لە ناوەندی فریاگوزاریی سەرەتایی: ''دواتر لە رێوشوێنی تەندروستدا و بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشكی وەربگرم و بۆ ئەوەش شتێكی نەخوازراو بەسەر خێزانەكەمدا نەیەت، بە هاوكاری خزمان لە سنووری ئورفاوە هاتینە نێو توركیا''.
باغراش باسی لەوە كرد دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەیەكی ئورفا بۆ ماوەی ساڵێك چارەسەری پزیشكی وەرگرتووە، هاتووەتە میوانخانەی بۆینویۆغون كە خزمەكانیشی هەر لەوێ دەژین.
باغراش وێڕای ئەوەی سوپاسی توركیای كرد كە خاوەنداریی لێكردوون و هەموو پێداویستییەكانی بۆ دابین كردوون، گوتی: "لەو ناوەندەی ئەندامی دەستكرد كە لە رەیهانلی لەلایەن خێرخوازانەوە درووستكراوە، قاچێكی دەستكردنیان بۆ دانام. بەڵام بەهۆی ئەوەی قاچە دەستكردەكە بەو پێداویستییانە درووستكرابوو كەلەبەر دەستیاندایە و سنووردارە، كورت بوو بۆم. بەو واچەوە ناتوانم بە باشی بڕۆم بەڕێوە. بۆ ئەوەی قاچێكی دەستكرد بكڕم چاوەڕێی هاوكاری خێرخوازانم. هەموو رۆژێك نزا دەكەم بۆ ئەوەی ئەو جەنگەی لە وڵاتەكەم هەڵگیرساوە كۆتایی بێت و بگەڕێینەوە و ژیانێكی ئاسوودە بەسەربەرین''.