ههولێر - شوان سدیق
لە قۆناغی ئێستا كە رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، دەنووسرێتەوە و پرسی كۆتای توركمان و كەمە نەتەوەكانی دیكە لەپەرلەمانی كوردستان، قسەی لەسەر دەكرێت، لایەنەكانی توركمان لە هەرێمی كوردستان، لە نێوخۆیاندا سەرقاڵی وتوێژ و گفتۆگۆ كردنن بۆ دیاریكردنی میكانزمێك كە پەیوەندی بەداهاتوویانەوە هەیە.
رۆژی شەممە لە هۆتێل چوار چرای هەولێر ژمارەیەك لە حزب و كەسایەتی و كۆمەڵەی توركمانی گفتوگۆیەكی كراوەیان ئەنجامدا كە تایبەت بوو بە پرسی دەستوور و سیستەمی كۆتایی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر لیستی پارتی گەشەپێدانی توركمان، محەمەد سەعدەدین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم گفتوگۆیەمان ئامانجمان ئەوەیە هەموو توركمان كۆدەنگ بن لەسەر مافەكانیان هەروەها داخوازیمان هەیە بۆ ئەوەی لە دەستوری هەرێمی كوردستان جێگربكرێت، لەگەڵ ئەوەش دەمانەوێت بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم یەك هەڵوێست بین، سەبارەت بە كۆتاش بەپێویستی دەزانین داكۆكی لەسەر بكەین، بۆ ئەوەی كەس نەتوانێت ئەو مافە لە توركمان وەربگرێتەوە، چونكە پێمانوایە مانەوەی كۆتای مانەوەی پێكەوە ژیانە لە كوردستان".
محەمەد گوتیشی: "مافەكانی توركمان لەدەستووری داهاتووی هەرێمی كوردستان، بەپێویستی دەزانین زامن بكرێن".
باسی لەوەشكرد ئەگەر هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوەند هەڵبسەنگێنین، بەدڵنیایەوە مافی توركمان لە هەرێم زیاتر گرنگی پێدراوە و هەیە تا لە بەغدا.
گوتی: "لە هەرێم سیستەمی كۆتا هەیە لە داموزەگاكانی حكوومی پشكیان هەیە و هەموو كەسێكیش ئازادە بە توركمانی و زمانی دایك بخوێنێت، هیوادارین، ئەم مافانەی توركمان بەو شێوە كە دیاری كراوە بەردەوام بێت".
لە گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بەشێكیان هاوڕابوون لەگەڵ ئەوەی دەبێت، ماف و حەقی توركمان لە هەرێمی كوردستان، لەسەر بنەمای نەتەوەیی بێت، چونكە لەدوای كورد نەتەوەی توركمان بە دووەم نەتەوە هەژمار دەكرێت.لایەنی دیكەش هەبوو جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە تا ئێستا بەشی زۆری مافی توركمان زیاتر لەسەر بنەمای كورسی و رێژەی دەنگدان بووە.
لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی بیست حزب و رێكخراو كۆمەڵەی توركمانی هەیە بەشی زۆری توركمان لەسنووری پارێزگای هەولێر نیشتەجێین.بەپێی سیستەمی كۆتا كە بۆ توركمان و كلدان و ئاشووری و ئەرمەن دیاری كراوە، توركمان پێنج كورسیان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە ئەو ئەندامانەش دابەشبوون بەسەر چوار لیستدا.
هەروەها لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش لە كۆی چوار كورسی كۆتا توركمان دوو كورسیان هەیە.