Sarmand Hameed
13 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ھەولێر پێشوازیی کرد لە رێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، برێت مەکگۆرک و شاندێکی یاوەری.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیو تۆلەر و کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆبەرت پاڵەدینۆ ئامادەیبوون، گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەبارەی پرسە چارەنووسازەکان، پێشھاتە سیاسیی و ئەمنیی و ئابوورییەکان، عێراقی دوای ھەڵبژاردن کرا، جەختکرایەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و پەنابردن بۆ دیالۆک و زمانی گفتوگۆ کرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە بەتایبەت لە پرسی بەردەوامیدان بە راوێژ و ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە رووی مەشق و پێشخستنی توانا لۆجستی و سەربازییەکان لەپێناو ریشەکێشکردنی تیرۆر و ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن و حکوومەتی داھاتووی عێراق لە دیدارەکەدا بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە دەستپێکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوزار و کارا و چالاک کرایەوە کە لەئاست ھەستیاری ھەلومەرجەکە و خواست و پێویستی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی عێراق بێت و ھاوسەنگی سیاسی تێدا بپارێزرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە بافڵ جەلال تاڵەبانی بەگرنگییەوە ئاماژەی بە ھەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بەیەک تیم بچنە بەغدا و دیدگای روونی یەکێتی ئاشکراکردووە کە پەرۆشی رەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و گوتی: "دەمانەوێت وەک نوێنەرانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بەغدا و لەگەڵ دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانمان بکەین کە سەرخستنی ئەم نیەتە زامنی عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی پارێزراو دەبێت".
ھەر لەدیدارەکەدا چەندین پرسی تری جێی بایەخی ھەردوولا راشکاوانە بیروبۆچوونیان لەبارەوە خراوەتە روو.