قاھیرە
سەعد جەبار، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی دۆسێی گومانکردن لەمردنی یاسر عەرەفات، سەرۆکی پێشوو فەڵەستین کە لە دادگای فەرەنسا بەڕێوەدەچێ رایگەیاند: تا ئێستا لەبارەی مردنی عەرەفات پەنجەی تۆمەتیان بۆ ھیچ کەس و دەوڵەتێک رانەکێشاوە.
جەبار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەڵگەی تەواومان لەبەردەستە کە عەرەفات بە مادەی رادیۆئاکتیڤ ژەھرخوار کراوە، لەدوای راپۆرتی پەیمانگای پزیشکی لۆزان، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فەڕەنسا دەکەین. بەڵام تا ئەمڕۆ پەنجەی تۆمەتمان بۆ ھیچ کەس و دەوڵەتێک رانەکێشاوە."
سەعد جەبار رایگەیاند: دوای ئەوەی داگای فەرەنسا راستی دۆزەکەی سەلماند، دەست بە لێکۆڵینەوە دەکرێ لەگەڵ گەواھیدەر و گومانلێکراون.
یاسر عەرەفات رۆژی ١١/١١/٢٠٠٤ لە نەخۆشخانەی پێرسی سەربازیی لە پاریس لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچی دواییکرد. دوای ئەوەی لەناو جلوبەرگی عەرەفات مادەی رادیۆئاکتیڤ پۆڵۆنیۆم بە رێژەیەکی زۆر دۆزرایەوە، گومان لەسەر کوشتنی عەرەفات زیاتربوون. ئەو دۆزەی لەدادگای فەرەنسا بەڕێوەدەچێ، لەسەر داوای دادوەر گۆڕی عەرەفات ھەڵدرایەوە. دواتر زانایانی سویسری، مادەی رادیۆئاکتیڤ پۆڵۆنیۆمیان لە روفاتی عەرەفات دۆزییەوە.