تاران
لە کۆبوونەوەکە بریار لەسەر بەھێزکردنی پەیوەندیەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم بواری وزە و پیشەسازی و بازرگانی و خێراتر کردنی پڕۆژە ھاوبەشەکان لە بواری ئابوریدا درا.
بەپێی زانیاریەکان، ھەردوولا بەمەبەستی زیادکردنی کاری ھاوبەشی نێوانیان مەسەلە سیاسی و ئابوری و ئاسایشیەکانیان تاتوێ کردووە. کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی بەداخراوی بەرێوە چووە.
ئاژانسی نیمچە رەسمیی ئیران Mehr سەبارەت بە کۆبوونەوەکە لە زاری شەمخانی بڵاوی کردۆتەوە: " ئێران و چین بەپێداگریەوە کاری ھاوبەش ئەنجام دەدەن، لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی تۆتالیتاریزمی جیھان حەز بەوە ناکەن، بەڵام ئێمە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندیەکانمان بۆ کاری ھاوبەش بەردەوام دەبین، ئەو پەیوەندییە بوەتە هێمایەکی کاری ھاوبەشی ئاسیا."
شێمەخانی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا بریار لەسەر بەھێزکردنی پەیوەندیەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم بواری وزە و پیشەسازی و بازرگانی وخێراتر کردنی پڕۆژە ھاوبەشەکان لە بواری ئابوریدا درا."
راوێژکاری دەوڵەت و وەزیری پێشووی دەرەوەی چین یانگ جێھچی باسی لە گەیشتنە رێکەوتن لەگەڵ ئێران لە بوارەکانی ئاسایش کەلتور تەکنەلۆژیا و ھەروەھا کاری ھاوبەش بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ تێرۆر کرد. گوتیشی: " چین یەکێکە لە ھاوکارە پێشەنگەکانی ئێران لە بواری ئابوریدا، باوەڕی وایە کەخاوەنی ئاسۆیەکی ستراتیژییە."
یانگ ھەروەھا گوتی: "پێویستە پەیوەندیی ناوچەیی و ژێرخانەکان و مەسەلە دەستنیشانکراوەکان بەردەوام بن، بەئامانجی بەرقەراکردنی ئاشتی لە ئەفغانستان و سوریا، ئەم دوو وڵاتە رۆڵێکی گرنگیان لە ناوچەکەدا ھەیە."
لە دیدارەکەدا شەمخانی سوپاسی چینی لەبارەی پشتیوانیکردنی لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی وڵاتەکەی کرد، کە بەردەوام لەدژی "بریارە نایاساییەکان"ی کۆبوونەوەکان دەوەستایەوە.
شەمخانی ئاماژەی بە بەرزکردنەوەی رۆڵی چین لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کرد و گوتی: "بەردەوامیی دیالۆگ و کاری ھاوبەشی ئەم دوو وڵاتە ڕۆڵێکی گرنگی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە دەبێ.
راوێژکاری دەوڵەتی چین یانگ لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەگۆڕانکاریە جددیەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی کرد ، ھەروەھا باسی لە گرنگیی سەرکەوتنی ئێران لە کۆبوونەوەی وڵاتانی گروپی ٥+١ کرد.