Zana Natık Kerem
12 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2024
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی بەرەی تورکمانی عێراق، محەمەد سەمعان ڕایگەیاند کە سکاڵایان دژی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، تۆمار کرد.
بەرەی تورکمانیی عێراق لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای دژی پێکھێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک تۆمار کرد و سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵاکە دەکەین".
محەممەد سەمعان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ دووشەممە، سکاڵامان دژبە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق تۆمار کردووە".
ڕاشیگەیاند کە لە ڕووی یاساییەوە، ڕێوشوینی دیکە لە ھەمبەر پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک دەگرنەبەر و، گوتی: "متمانەمان بە دەسەڵاتی دادوەریی ھەیە لەوەی کێشەکان چارەسەر بکات".
باسی لەوەشکرد کە چاوەڕوان دەکەن، دادگای باڵای فیدڕاڵیی، سکاڵاکەیان پەسەند بکات و پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک ھەڵبوەشێنێتەوە.
شەوی ١٠ی ئەم مانگە، بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و ئەندامانی ھاوپەیمانی عەرەبی، دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ھوتێلی ڕەشید لە بەغدا بەڕێوەچوو کە لە میانیدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ھەڵبژێردران.
لە دانیشتنەکەدا، ھەریەک لە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، ڕێبوار تەھا بە پارێزگار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانی "قیادە"، محەمەد ئیبراھیم حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی بابلیۆن (کۆتای مەسیحی)، ئەنجیل زیا شیبا بە بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵبژێردران.
دوێنی یەکشەممە سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، حەسەن توران دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی بە نایاسایی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند کە سکاڵا لەسەر پێشێلکارییە یاساییەکانی دانیشتنەکە تۆمار دەکەن.