ھەولێر
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی راپۆرتەكانی نێودەوڵەتی دیندار زێباری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وەڵامی راپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی لە ھەرێمی كوردستان دایەوە.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە تیشكی خستە سەر گرتووخانەكان گوتی : "ھەمیشە ھەوڵی ئەوەمان داوە رەوشیان باشتر بكەین لە ھەموو روویەكەوە بۆ ئەوەی لە گەڵ پرنسیپەكانی مافی مرۆڤ بگونجێت" و ھەروەھا لە بارەی رەوشی گیراوەكانیش رایگەیاند" بەپێی یاسا و رێنماییەكانی تایبەت بە لێكولینەوە لە دامودەزگاكانی وەزارەتی نێوخۆ بە ھیچ شێوەیەك رێگە نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس راگیروەكان ئەشكەنجە بدەن و لە كاتی لێكولینەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دان پێدانان بە زۆری".
دووپاتیشیكردەوە كە ھەموو تومەتبارێك بۆی ھەیە سكالا پێشكەش بكات بە لایەنەكانی پەیوەندیداری وەزارەتی نێوخۆ، وەزارەتی داد و دەستەی مافی مرۆڤ.
زێباری لە بارەی مافی كرێكارن گوتی: "بەریوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە پارێزگاكان لە رێگەی ٢٠ لیژنەی پشكنین رۆژانە سەردانی پرۆژەكان دەكەن بۆ چاودێری كردنی رەوشی كرێكاران، بەپێی یاسا منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ رێگەیان پێ نادرێت كار بكەن ئەگەر كاریشیان پێ بكرێت دەبێت ئەو كارە لە گەڵ توانای جەستەیی و ھزری ئەو منداڵانە بگونجێت".
جەختیشی كردەوە كە تا ئێستا لە سەر مافی كرێكارن چەندین خاوەن كار دراونەتە دادگای كار، لە ساڵی ٢٠١٤ بە گشتی ١٩٩ كەس دراونەتە دادگا كە بەم شێوەیە لە ھەولێر ٩٠ كەس سلێمانی ٩٢ كەس لە دھۆك ١٧ كەس.
راشیگەیاند كە لە ساڵی ٢٠١٤ دا زیاتر لە ٧٨ ھەزار كرێكار دەستەبەركراون.
زێباری لە میانی قسەكانیدا لە بارەی ئاوارەكان گوتی: "لە ھەرێمی كوردستان نزیكە دوو ملیون ئاوارە ھەیە كە زیاتر لە نێوەی ئاوارەكانی ھەموو عێراقە و تا ئێستا لە سەدا شەشی پێداویستییەكانیان دابین كراوە و ھەوەھا نزیكەی 249 هەزار پەنابەری رۆژئاوا لە ھەرێم ھەن كە بەسەر نۆ كەمپ دابەشكراون و لە رووی دارایی بارگرانییەكی زۆریان خستووتە سەر ھەرێمی كوردستان و ھەروەھا نەتەوە یەكگرتووەكان نەیتوانیوە ئەو برە پارەیەی كە پێویستە بۆ كۆمەك كردنی بە ئاوارەكان دابین بكات و تەنیا سەدا 19ی پێداویستییەكانی پەنابەرانی رۆژئاوا دابینكراوە".
گوتیشی: "مانگانە ھەر پەنابەرێك نزیكەی ٢٨٢ دۆلاری بۆ پێداویستیەكان پێویستە و بۆ پرسی ئاسایش و سەلامەتیش ٣٨ دۆلار و ھەروەھا ئەم باردۆخە ناھەمووارە وای كردووە كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تواناكانی كەمتر بێت لە رووی پراكتیزە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكان و ھەروەھا قەیرانی دارایی و نەبوونی بوودجەش بەشێكی زۆری لە پابەندبوونەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پەكخستووە بۆ بەردەوامیدان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری".
سەبارەت بە پرسی مافی ئافرەت و منداڵان زێباری گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٤ سەرجەمی حاڵەتەكانی توندوتیژی ٥٢٠ حاڵەت بووە لە كاتێكدا لە ٢٠١٣ كۆی گشتی ٥٧٣ بووە كە لە ٢٠١٤ دا ٥٣ حاڵەتی توندوتیژی كەم كردووە".
سەبارەت بە منداڵی خاون پێداویستی تایبەت زێباری گوتی: "لە ھەرێم ١٢ پەیمانگا ھەیە كە ٩٢٣ قوتابی خاون پێداویستی تایبەت لە خوە دەگرێت".