Zana Natık Kerem
02 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2026
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە بە سەرکەوتوویی کارەکانی ھەڵکەندنی بیرە نەوتێکی ئاسۆیی بە قۆڵایی چوار ھەزار و ١٥٢ مەتر لە کێڵگەی ڕۆژھەڵاتی بەغدا تەواو کراوە.
کۆمپانیای ھەڵکەندنی سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە کارەکانی ھەڵکەندنی بیرە نەوتی ئاسۆیی (EBS-١٥٧)یان لە کێڵگەی ڕۆژھەڵاتی بەغدا بە قوڵایی چوار ھەزار و ١٥٢ مەتر تەواو کراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشداوە کە لە پڕۆسەی ھەڵکەندنی بیرە نەوتەکە، ئامێری ھەڵکۆڵینی (IDC-٣٦) بەکارھێنراوە کە لەگەڵ پێوەر و مەرجە تەکنیکییە پەسەندکراوەکاندا بۆ ھەڵکەندنی بیرە نەوتییەکاندا گونجاوە.
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، تەواوکردنی کارەکانی ھەڵکەندنی ئەو بیرە نەوتە لە چوارچێوەی گرێبەستێکدا کە لەگەڵ کۆمپانیای چینی (EBS) بۆ ھەڵکەندنی ١٧ بیرە نەوت لە کێڵگەی ڕۆژھەڵاتی بەغدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیای چینی (COSL) بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکە، واژوو کراوە.