سلێمانى
مەکتەبى سیاسى یەکێتىی نیشتمانیى کوردستان دوای چەندین مانگ بۆ جارێکى دیکە لە رۆژى 27ى مانگ کۆبووەوە و کۆبوونەوەکەش بە کراوەیى هێڵدرایەوە تا ئەمڕۆ کۆتایىهات.
بەپێى ئەو هەواڵانەى میدیاکانى یەکێتىی پاش کۆبوونەوەکە بڵاویانکردەوە، هەموو ئەو تەوەرانەى لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوەکرابوو بڕیارى پێویستیان لەبارەوەدرا و ئەو پۆستانەش کە پشکى یەکێتین لە هەرێم و عێراق بڕیارى یەکلاکەرەوەیان لەبارەوە دراوە.
دوای کۆبوونەوەکەش ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتىی سەعدی ئەحمەد پیرە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دوا و لەبارەى ئەوەى ئایە ئەو دەنگۆیە تا چەند راستە کە بڕیاریانداوە لیژنەیەک لە مەکتەبى سیاسى پێکبهێنرێ بۆ ئاسایىکردنەوەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان، گوتى: "ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ گۆڕان ئاساییە، بەڵام دەمانەوێ پێکەوە کێشەى سلێمانى و کێشەى پارێزگار چارەسەر بکەین بۆ ئەو مەبەستە کۆدەبینەوە و ئەگەر جۆرێک لە هەڵوێستى جودامان هەبێ، دەمانەوێ ئەو هەڵوێستانە لەیەک نزیک بکەینەوە و بڕیارمانداوە لەسەر ئاستى باڵا هەردوولا کۆببینەوە تا ئەو کێشانە چارەسەر بکەین."
دەربارەى ئەوەى ئایە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریاندا ئەمساڵ کۆنگرەى چوارى یەکێتىی ببەستن، پیرە گوتى: "ئێمە هەمیشە ویستومانە کۆنگرە ببەستین و هەردەشبێ ببەسترێ، بەڵام هاتنى شەڕى دژى تیرۆر و داعش ئەوەى دواخستووە و ئێمە ناتوانین سەرقاڵى شەڕ و کۆنگرە بین لە هەمان کاتدا، بۆیە بە کۆتایىهاتنى شەڕ لەگەڵ داعش کۆنگرە دەستپێدەکا."
لە وەڵامى ئەو دەنگۆیەى کە یەکێتیى ئامادەیە پۆستى پارێزگارى سلێمانى بدا بە گۆڕان بە مەرجێک کاندیدیان هەڤاڵ ئەبوبەکر نەبێ، گوتى: "بە هیچ جۆرێک و لە هیچ دانیشتنێکى رەسمیدا باسمان لەوەنەکردووە و ناوى کەس لە کێشەکەدا نەهاتووە."
گوتیشى: "باسمان لە پۆستى پارێزگارى هەڵەبجە نەکردووە و هێشتا ئەنجومەن و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاکە یەکلانەبووەتەوە تا باس لە پارێزگارەکەى بکەین، کەى ئەوانە یەکلایىبوونەوە ئەوکات دەتوانین بەپێى ئیستیحقاقات قسەى لەسەر بکەین."