واشنتۆن
جین ساکی لە پرێس کۆنفڕانسی رۆژانەی خۆیدا، ئاماژەی بە لێدوانی ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکوەزیرانی تورکیا کرد کە لەمیانەی هەڤپەیڤینێکیدا بۆ کەناڵی بی بی سی، باسی لە پرسی دروست کردنی ناوچەیەکی دژەفڕین کردبوو لە سوریا و لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ئەو پرسە، رایگەیاند کە ئەمریکا ماوەی هەفتەیەکە بەردەوامە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا، تاکو بزانن داواکاری حکوومەتی تورکیا چییە و بەردەوامیش دەبین لە کۆبوونەوە بەڵام هەروەک پێشتر، لەسەر هەندێ پرس نیگەرانین و ترسمان هەیە بۆیە هەڵوێستی خۆمان پێشتر چۆن بووبێت، ئێستاش هەر بەو شێوەیەیە.
ساکی ئاماژەی بە بەردەوامی کۆبوونەوەکانی وڵاتەکەی دا لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی تری ناوچەکە بەمەبەستی رووبەڕوو بوونەوەی داعش و ئەو پشتگیریانەی دەتوانن بیکەن بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ئاماژەی بەوە دا کە رۆڵ و پشتگیرییەکانی ئەنقەرە لەماوەی چەند هەفتەی دواییدا زیادی کردووە.
ساکی گوتی: "تەنیا لە رووی سەربازییەوە نا بەڵکو لە بارەی بڕینی سەرچاوەی دارایی و ڕێوشوێنی پێویست لە دژی جەنگاوەرە بیانییەکان و هاوکات لە چەندین بارەی ترەوە تورکیا هاوکارییەکانی خۆی بۆ هاوپەیمانانی زیاد کردووە. لەگەڵ تورکیا کا ردەکەین لەسەرجەم ئەو بوارانەدا."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چوونی ١٦٠ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ نێو کۆبانێ و چۆنیەتی دروست کردنی کاریگەریی بەسەر شارەکەوە، ساکی گوتی: "وەک دەزانن ئەوە تاکە هەوڵ نییە بۆ لاواز کردن و وەدەرنانی داعش لە کۆبانێ بەڵکو چەند هەفتەیەکە هێرشە ئاسمانییەکانمان بۆ سەر ئەو ناوچەیە زیاد کردووە. تورکیاش بەدرێژای سنوور، ئاوارەکانی قەبووڵ کردووە، ئەم (هێزانەی پێشمەرگە) تاکە هەنگاو نییە. لەو بڕوایە داین کە کاریگەریی خۆی دەبێت بەدڵنیاییەوە، هاوکات گرنگییەکەشی لەوەدا دەبێت کە لەنێو مەیدانەکەدا هاوکارێک دروست دەبێ."