Hemin Hüseyin
21 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2016
هەولێر-AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعرووف: "ئێمە داوای دوو پۆستی سەروەرییمان کردووە، پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری تورکمان چونکە تورکمان پێکهاتەیەکی سەرەکییە و دەیەوێت بەشداربێت لە پڕۆسەی سیاسیی".
پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی هەموو لایەنەکانی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆکردەوە و سەردانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ لای هێزە سیاسییەکان بەردەوامە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان وەکو بەرەی تورکمان چەند داواکارییەکییان پێشکەش کردووە و لە داواکارییەکانیش داوای چەند پۆستێکیان کردووە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعرووف لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەسەر بنەمای پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بەسەردانیکردن کرد و لەم چوارچێوەیەشدا ئێمە پێشوازیمان لێکردن و پێمان وایە کە دەبێت هەموو هێز و لایەنێک بەشداربێت لە پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە داواکارییەکانی بەرەی تورکمان، ئایدن مەعروف گوتی: "ئێمە داوامان لە شاندی پارتی کرد بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوانتر بۆ ئەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە هەر سەرۆکایەتییەکدا بکرێت ئەوا پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێکبکەون، داواشمان کرد کە نێوەندگیری لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا بکەین، سەرەڕای بەرزنرخاندنی هەڵوێستەکەمان، شاندی پارتی گوتیان راستەوخۆ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین و ئەمەش جێگای خۆشحاڵییە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە رێز لە پێکهاتەی تورکمان بگیرێت و هاوکات رایدەگەیەنێت کە داوای پۆستێکی سەروەری دەکەن و لەمبارەیەوە ئایدن مەعرووف گوتی: "پەیامەکەی بارزانی بووە دەرگایەک بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، لەبەر ئەوەی سەقامگیری سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا نییە، بۆیە ئێمە وەکو بەرەی تورکمان و ئەو پێکهاتەیە پشتگیری لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکەین و لەبەرامبەر ئەوەشدا پێویستە رێز لە ئیرادەی نەتەوەی تورکمان بگیرێت و بەشداریمان پێ بکرێت لە پۆستە سەروەرییەکان، وەکو بەشداریکردن لە بڕیاری سیاسیی، چونکە بەداخەوە تاوەکو ئیستا پێکهاتەی تورکمان بەشداری پێنەکراوە لە پۆستە سەروەرییەکان".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "ئێمە داوای دوو پۆستی سەروەرییمان کردووە، پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری تورکمان چونکە تورکمان پێکهاتەیەکی سەرەکییە و دەیەوێت بەشداربێت لە پڕۆسەی سیاسیی بە شێوەیەکی کارا".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمان ئاشکرای دەکات کە پۆستێکی بەڕێوەبەری گشتی کە شایستەی پێکهاتەی تورکمانە ماوەی شەش ساڵە بە بەتاڵی ماوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە چەندینجار کاندیدیان هەبووە بۆ ئەو پۆستە بەڵام هەوڵەکان بێ سوود بوون و لەمبارەیەوە گوتی: "نەتەوەی تورکمان پێکهاتەیەکی گرنگە و هەمیشە رۆڵی خۆیان هەبووە لە هەموو بوارەکاندا و جگە لەوەش لەناو شاری هەولێر و سنووری هەرێمی کوردستان چەندین قوتابخانە هەیە کە خوێندنی تورکمانی تێدایە و پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری تورکمان لە وەزارەتی پەروەردە، پشکی تورکمانە کەچی ماوەی شەش ساڵە بە بەتاڵی ماوەتەوە و چەندینجار داوامان کردووە کە کاندیدێکی تورکمان لەو شوێنە دابنرێت بەڵام تاوەکو ئێستا داواکارییەکەمان پشتگوێخراوە".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "حکوومەت لە میدیاکان و لە گفتوگۆکاندا بەڵین دەدەن کە داواکارییەکانمان بۆ جێبەجێ بکەن بەڵام لە پڕاکتیکدا دەبینین بەڵێنەکان جێبەجێ ناکرێن و ئەوەش متمانەمان لاواز دەکات چونکە ساڵی ٢٠١٣ بەڵێنی ئەوەیان پێمان دا کە دەستەیەک بکرێتەوە بۆ کاروباری تورکمان و سەرۆکی ئەو دەستەیەش بە پلەی وەزیر دابمەزرێت بەڵام ھێشتا ئەو بەڵێنە وەکو ئەوانی دیکە جێبەجێ نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە درێژایی مێژووی ھەرێمی کوردستان نەمانبینیووە کە تورکمان لە پڕۆسە و بڕیاری سیاسیی بەشدار بێت، نەمانبینووە یەکێک لە وەزارەتە گرنگەکان بدرێت بە تورکمان بەڵکو ھەمیشە وەکو واجیھە بەکار ھاتووە، ئەگەرچی تورکمانەکان ھەمیشە ھەوڵی پێکەوەژیان و ئاشتی و تەباییانداوە بەڵام پشتگوێخستنی ئەو پێکھاتەیە لە بەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نییە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمان و هاوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پێی وایە کە دەبێت سەرەتا پەرلەمان کارابکرێتەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە پۆستەکاندا بکرێت و بەوەش لایەنە سیاسییەکان بگەنە رێککەوتن و لەمبارەیەوە ئایدن مەعرووف گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین دەبێت لە هەرێمی کوردستان رێککەوتن و سازان بکرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا بکرێتەوە و ئینجا هەر گۆڕانکارییەک هەبێت ئەو کات لە رێگای پەرلەمانەوە بە ئاسانی ئەنجام دەدرێت".
ماوەیەک پێش ئێستا ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانی کۆماری تورکیایان کرد و ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمان و ئەندامی شاندەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێکراوە و ئەمەش بە سەردانێکی مێژوویی وەسف دەکات و لەمبارەیەوە ئایدن مەعرووف گوتی: "ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان لە شار و شارۆچکەکان سەردانی کۆماری تورکیامان کرد و لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشوازیمان لێکرا و ئەوەش سەردانێکی مێژوویی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان دووپاتییان کردەوە کە پێکهاتەی تورکمان هۆکارێکە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان و پێویستە ئەم پێکهاتەیە رۆڵی هەبێت لە پڕۆسەی سیاسییدا".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دڵنیایان کردینەوە کە دوای رزگارکردنی تەلەعفەر و ناوچە تورکماننشینەکان ئەوان ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی ناوچەکان دەگرنە ئەستۆ کە ئەمەش کاریگەری لەسەر گەڕانەوەی تورکمانەکان هەیە و هاوکاریی و پاڵپشتییە بۆ ئەو پێکهاتەیە بە تایبەتی و حکوومەتی عێراقیش بە گشتی".