دیاربەکر
نوێنەرانی بەدەپە لەبارەی رەوشی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لەزیندان قسەیانکردو رایانگەیاند: ھەرچەندە شوێنەکەی لەچاو پێشووتر گۆڕاوە بەڵام ئەوان خوازیارن ئۆجەلان بگوازرێتەوە شوێنێکی دیکە.
ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراتی(سەڵاحەدین دەمیرتاش) گوتی " ژوورەکەی ئۆجەلان لەزیندانی ئیمراڵی گۆڕاوەو ئێستا لەژوورێکی فراوانتردایە، بەڵام سیستمی زیندان لەئیمراڵی تاکە کەسییەو ئێمە خوازیارین ئیمراڵی دابخرێ و ئۆجەلان بگوازرێتەوە شوێنێکی دیکە".
نوێنەرانی بەدەپە ئاشکرایانکرد بەو نزیکانە ئەو وێنانە بڵاودەکەنەوە کە لەئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان گرتوویانە.
دەمیرتاش و ھاوکارەکانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا تێڕوانینی خۆیان خستەڕوو و گوتیان" ئێستا باسی ڕاوەستانی پرۆسەی ئاشتی ناکەین، بەڵام حکومەت لە ھەنگاوەکانیدا بێ متمانە دەردەکەوێ دەبێ ھەنگاوی ستراتیژیی بنێ، قۆناغەکە بۆ ئەوە ناشێ تاوتوێی یەکلایەنەی بۆ بکرێ، پرۆسەکە لەم دواییەدا دەشێ توشی ئاستەنگ ھاتبێ بەڵام دەکرێ لەچوارچێوەی ھەوڵی ھاوبەشدا چارەسەرەکان بکرێنە پاکێجێک و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێن".