Azad Mohammed Abdullah
25 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2018
تەلەعفەر - AA
ئیدارەى قەزاى تەلەعفەر رایگەیاند "دۆخى تەندروستى ژمارەیەک لە بریندارانى تەقینەوەکەى ئەمڕۆى قەزاى تەلەعفەر ناجێگیرە".
قایمقامى قەزاى تەلەعفەر بە وەکالەت، ئەحمەد جەعفەر لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو هەواڵى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراوى لە قەزاى تەلەعفەر پشتڕاستکردەوە و گوتى: "بەداخەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکى جۆرى پیک ئاپی بۆمبڕێژکراو بازاڕى کۆنى قەزاى تەلەعفەرى کردە ئامانج و لە ئەنجامدا، دوو هاووڵاتى قەزاکەمان کوژران و ١٤ى دیکەش بە سەختى برینداربوون و دۆخى تەندروستى ژمارەیەک لە برینداران ناجێگیرە و لە نەخۆشخانەى قەزاى تەلەعفەر لەژێر چاودێرى چڕى پزیشکدان".
قایمقامى قەزاى تەلەعفەر بە وەکالەت دەڵێت "تا ئێستا لایەنى ئەنجامدەرى تەقینەوەکە نازانین، بەڵام ئیدارەى قەزا لێکۆلینەوەیەکى چڕى لەسەر رووداوەکە دەستپێکردووە هەوڵدەدەین بە زووترین کات ئەنجامى لێکۆلینەوەکان رابگەیەنین".
قەزای تەلەعفەر یەکێکە لە گەورە قەزاکانى عێراق و سەربە پارێزگاى نەینەوایە و دەکەوێتە باکوورى رۆژئاواى پارێزگاکە، ژمارەی دانیشتوانى قەزاکە پێش کۆنتڕۆڵکردنى لە لایەن داعش نزیکەى ٢٠٠ هەزار کەس دەبوون، زۆرینەى هاووڵاتییانى شارەکە لە تورکمانى شیعە و سوننە و عەرەب و کورد پێکهاتووە. زیاتر لە ساڵێکە شارەکە لە داعش پاککراوەتەوە، بەڵام وەک سەرچاوە خۆجێیەکانى ناوچەکە ئاماژەى پێدەدەن لە سنوورى قەزاکە داعش هێشتا لە جموجۆل نەکەوتوون.