هه‌ولێر- شوان سدیق
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌بار یاوه‌ر له دیدارێكی له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس له چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی ره‌وشی ئاسایش و شه‌ڕی چه‌كداری داعش و هه‌روه‌ها كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ ده‌كات.
یاوه‌ر له شوێنی مانه‌وه‌ی له‌شاری هه‌ولێر قسه‌ی بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو كرد و سه‌ره‌تا باسی له‌و ده‌نگۆیانه كرد كه ده‌گوترێ به‌م نزیكانه وه‌زیری به‌رگری فه‌ڕه‌نسا جان ئیف لودریان، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
ئه‌و گوتی: "له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه هیچ هه‌واڵ و زانیارییه‌كی فه‌رمی نییه كه گوایه وه‌زیری به‌رگری فه‌ڕه‌نسا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌واڵێكی لهوشێوهش هه‌بوایه وڵاتی فه‌ڕه‌نسا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی ئاگادار ده‌كرده‌وه، له دوایین كۆبوونه‌وه‌شمان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری وڵاتانی هاوپه‌یمان كه ئه‌ندامی فه‌ڕه‌نساشی تێدایه باسیان له‌و بابه‌ته نه‌كردووه".
سه‌باره‌ت به‌هه‌ماهه‌نگی زیاتر له گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی فه‌ڕه‌نسا بۆ پێدانی چه‌ك به هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم وه‌ها وه‌ڵامی دایه‌وه گوتی: "وڵاتانی هاوپه‌یمان كه ئه‌مڕۆ له‌دژی تیرۆریستان شه‌ڕ ده‌كه‌ن، به‌پێی پلان و به‌رنامه‌ی خۆیان هاوكاری چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی ده‌ده‌نه هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ش به‌ئاگاداری یه‌ك هاوكارییه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، له پێدانی چه‌ك و مه‌شق و راهێنان به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان".
وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه بیه‌وێت راسته‌وخۆ چه‌ك بكرێت، چه‌ند هۆكارێك هه‌یه كه له ئێستادا هه‌رێم توانای چه‌ك كڕینی نییه، سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ی كه پێویستیه‌تی و له شه‌ڕی دژ به رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌داعشه.
ئه‌مینداری گشتی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، جه‌بار یاوه‌ر بۆ ئانادۆڵو رایگه‌یاند: "نزیكه‌ی ساڵ و شه‌ش مانگه بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌ند بڕاوه، ئه‌و پاره‌ی نه‌وته‌ی كه دێته هه‌رێم و به داهاتی ناوخۆیش ته‌نیا ئه‌گه‌ر به‌شی دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بكات، چه‌ك كڕین پێویستی به پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی هه‌یه بۆیه له ئێستادا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت چه‌ك بكڕێت".
یاوه‌ر گوتیشی: "پشتمان به‌و هاوكارییه سه‌ربازیانه‌ی وڵاتانی هاوپه‌یمان به‌ستووه، ئه‌گه‌ر قه‌یرانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان، چاره‌سه‌ربكرێت، بێگومان ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی عێراقی ده‌وێ و ئه‌وكاته ده‌توانین به‌شی خۆمان به‌پێی پێویستی سه‌ربازیی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌كان بكڕین".
جه‌بار یاوه‌ر زیاتر پێداگیری له‌سه‌ر هاوكاری سه‌ربازیی وڵاتانی هاوپه‌یمانی هه‌رێمی كوردستان كرد و ده‌ڵێت: "ئێمه داخوازیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌و پێویستیانه‌ی ده‌مانه‌وێت بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ چه‌ك بێت یان كهسهرهستهی سه‌ربازیی و مه‌شق و راهێنان به پێشمه‌رگه، ئه‌وانیش هاوكارییمان ده‌كه‌ن، تا ئێستا هاوكارییه‌كی باشمان كراوه، بێگومان چاومان له هاوكاری زیاتره به‌پێی پێویستی قۆناغه‌كه".
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، كه توركیاش هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كرده‌وه، ده‌ڵێت: "توركیا هاوكاری كردووین، هاوكاریه‌كانیشیان له بواری مه‌شق و راهێنان بووه به پێشمه‌رگه له چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای توركیا مه‌شق به پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، وه‌ك هبشێك له‌و هاوپه‌یمانیه نێونه‌ته‌وه‌ییه كه هه‌یه هه‌روه‌ها جار جار پێویستی جل و به‌رگی پێشمه‌رگه‌و هه‌ندێ جار ئۆتۆمبێلیشی داوه‌ته هێزه‌كانی پێشمه‌رگه".
له ئێستادا به‌بڕیاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سعوود بارزانی وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێم، چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازیی بۆ هاوڵاتیانی ئێزدی و مه‌سیحی دروست بكرێت.
له‌وباره‌وه، جه‌بار یاوه‌ر زانیاری زیاتری خسته‌ڕوو ده‌ڵێت "دوو فه‌وجی سه‌ربازی بۆ ئێزدییه‌كان دروستكراوه، كه هه‌ر فه‌وجیان نزیكه‌ی 600 كه‌سن، فهوجێكیش بۆ شه‌به‌ك دروستكراوه، هه‌وڵ ده‌درێت فه‌وجێك بۆ توركمان و بۆ مه‌سیحیش دروست بكرێت".
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئه‌و دوو فه‌وجه‌ی ئێزدییه‌كان، چه‌كدارانی حه‌یده‌ر شه‌شۆی تێدایه ئه‌منیداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه وه‌های گوت "ئێمه سه‌یری ئه‌وه ناكه‌ین، ئه‌و هاووڵاتیه ئێزدیانه چه‌كداری كێن، وه‌كو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆبه‌خش ده‌كه‌ین، هه‌ر كه‌سێك كه ئێزدی بێت ناوی تۆمار ده‌كرێ و به‌پێی مه‌رجه‌كان وه‌رده‌گیردرێت، برائێزدییهكانمان له‌كاتی داگیركردنی ناوچه‌كه‌یان له‌لایه‌ن داعشه‌وه ئه‌وان ئازایانه وه‌كو خۆبه‌خش شه‌ڕیان كردووه، تا ئێستا دوو فه‌وجمان لێ وه‌رگرتوون، بێگومان هه‌ركه‌سێكی تر بیه‌وێت له‌چوار چێوه‌ی مه‌رجه‌كان و كاری خۆبه‌خشی وهردهگردرێت".
سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ ئه‌منیداری گشتی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، زانیاری ده‌خاته‌ڕوو بۆ په‌یامنێری ئانادۆڵو گوتی: "ئازادكردنی مووسڵ پێویستی به پلانێكی تۆكمه‌و هاوبه‌شی هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یه وه‌ك حكوومه‌تی عێراق، هێزه خۆبه‌خشه‌كانی مووسڵ هه‌روه‌ها هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌ی ئێمه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌یی ته‌واومان بووه، كه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌شداربێت له پرۆسه‌ی ئازادكردنی شاری مووسڵ به‌ڵام ئه‌و پڕۆسه‌یه هێشتا نه‌گه‌یشتۆته كاتی كۆتایی هه‌ندێ كۆبوونه‌وه كراوه، له نێوان فه‌رمانده‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگری عێراق و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ پلانی ئازادكردنی مووسڵ به‌ڵام هێشتا كاتی ماوه، له‌ڕووی خه‌مڵاندن و رێكخستنی ئه‌و پلانه چونكه حكوومه‌تی عێراق هێشتا ئاماده نییه بۆ جێبه‌جێی كردنی ته‌واوی پلانی ئازادكردنی مووسڵ له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا هه‌ندێ ناوچه‌ی باشور و رۆژئاوای مووسڵ رزگار نه‌كراوه له‌لایه‌ن سه‌ڵاحه‌دین یاخوود رومادیه".
یاوه‌ر گوتیشی: "له دوایین سه‌ردانی بۆ هه‌رێمی كوردستان، خالید عوبێدی وەزیری بەرگری و بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق، یه‌كێك له ئامانجی سه‌ردانه‌كه بۆ ئازادكردنی مووسڵ بووه".
پێشتر بڕیار بوو ژووری عه‌مه‌لیات و هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق دروست بكرێت، ئه‌وه‌ش له دوایین له‌سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌وه‌كرد: "له سه‌ردانی به‌رێز دكتۆر عه‌بادی و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سعوود بارزانی له كۆبوونه‌وه‌كه كه وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگری عێراق و پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم پێشنیاری ژوورێكی هاوبه‌شكرا به‌ناوی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش دروست بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و ژووره دروست نه‌كراوه، هێشتا له قۆناغی دروستكردندایه چونكه دوای سه‌ردانی عه‌بادی بۆ هه‌ولێر شه‌ڕی رومادی دروست بوو. حكوومه‌تی عێراق ژووری عه‌مه‌لیاتی ئازادكردنی مووسڵی هه‌یه".
جه‌بار یاوه‌ر پێوایه هێشتا داعش له‌ناو نه‌چووه. ئه‌و ده‌ڵێت: "داعشی ئێستا ناوچه‌یه‌كی زۆری له عێراق و سووریا داگیركردووه، له وڵاتی لیبیاش هه‌یه. هه‌ندێ جار كرده‌ی چه‌كداری له میسر و تونس و ئه‌فغانستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توانای چه‌كداری داعش ماوه، ته‌نیا له عێراق ده‌توانین بڵێن یه‌ك له‌سه‌ر سێی پانتای خاكی ئه‌م وڵاته له ژێر ده‌ستی داعشدایه له‌و ناوچانه توانای چه‌كداری خۆی هه‌یه هه‌روه‌ها توانای ئابووری باشه ده‌توانێت نه‌وت به‌كاربێنێت بۆ داهاتی خۆی به‌ڵام جیاوازییه‌ك هه‌یه له‌نێوان داعش پارساڵ و داعشی ئێستا داعش له‌وكاته‌دا له هێرشدا بوو به‌ڵام داعشی ئێستا له به‌رگرییه‌كی سلبی و تێكشكاندایه".
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئانادۆڵو ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه جه‌بار یاوه‌ر گوتیشی: "زۆربه‌ی سنووری خاكی هه‌رێمی كوردستان، له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دایه، سنووری نێوان چوار بۆ پێنج سه‌دی خاكی كوردستان، له ژێر ده‌ستی داعشه".
هه‌رێمی كوردستان ساڵێكه له‌شه‌ڕدایه له‌گه‌ڵ رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام ناسراو به‌داعش. حكوومه‌تی هه‌رێمی هه‌رێمی كوردستان تێچووی ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئاشكرا كردووه كه له‌و ساڵه‌دا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه 84 ملیار دیناری له حكوومه‌ت وه‌رگرتووه بۆ به‌رێوه‌بردنی جه‌نگه‌كه و ئه‌و بره پاره‌یه له‌دوای مانگی شوبات كۆتایی هاتووه، جارێكی تر حكوومه‌ت نزیكه‌ی بیست ملیارد دینار و نزیكه‌ی هه‌شت ملیۆن یۆرۆی بۆ كاروباری جه‌نگ بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه خه‌رج كردووه.
news_share_descriptionsubscription_contact

